ڕۆژنیوز – بەغداد
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژنانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی قڕکردنی ژنان و بەتایبەتی ژنانی ئێزیدیی بە دروشمی “بە ئیرادەی ژنانی ئازاد بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە” لە بەغداد دەستپێکرد و بڕیارە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت و پێنج پانێڵ لەخۆدەگرێت.
بەیانی ئەمڕۆ بەبەشداریی زیاتر لە ١٠٠ ژن، لە هۆڵی هۆتێل بەغداد لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ژنانی عێراق، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی-تاژێ و گردبوونەوەی ژنانی مەدەنیی عێراق، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق دەستیپێکرد.
کۆنفرانسەکە تایبەتە بە دروستکردنی یەکڕیزیی و یەکگرتوویی ژنانی عێراق، لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی قڕکردنی ژنان و بەتایبەتی ژنانی ئێزیدیی و بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکرات لە عێراق، بە پێشەنگایەتیی ژنانی ئازاد.
ژنانی کورد، عەرەب و بەتایبەتی کوردانی ئێزدیی بە جلوبەرگی کەلتوری خۆیانەوە بەشداریی کۆنفرانسەکەیان کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جینۆسایدی ژنان لە مێژووی عێراقدا.
هەر لە ناو کۆنفرانسەکەدا پێشانگایەکی تایبەت نمایشکراوە، تایبەت بەو وێنە تراژیدی و ناخهەژێنانەی کە لە کۆمەڵکوژی ٧٣مینی ئێزیدییەکان بەدەستی گرووپە چەتەکانی داعش تۆمارکراون.
کۆنفرانسەکە لە پێنج پانێڵ پێکدێت، کە ئەم بابەتانە لەخۆدەگرێت:
پانێڵی یەکەم: قڕکردنی ژنان وەک پایەیەکی سەرەکی لە جینۆسایددا، قڕکردنی ژنان واتای چییە؟ هۆکار و ئامانجەکانی چین؟
پانێڵی دووەم: قۆناغی هێرشەکانی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ و هەوڵدان بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوە لە ژێر خۆڵەمێشدا.
پانێڵی سێیەم: هۆکارەکانی جینۆساید و قڕکردنی ژنان لە عێراق.
پانێڵی چوارەم: بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چین؟
پێنجەم: پێشنیازی پرۆژەی عێراقی دیموکراتی و ئازادی ژنان وەک دژەژاری جینۆساید و قڕکردنی ژنان.
ب.ل