بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان راگەیەندرا و تیایدا دەڵێن، خەباتمان لە دژی هەموو جۆرە کۆنەپەرستی و جیاکارییەکی، ڕەگەزی، نەتەوەیی، تائیفی و ئایینی پەرەپێدەدەین.
ئەمرۆ لە بەغدای پایتەختی عێراق کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لەژێر دروشمی “بە ئیرادەی ژنانی ئازاد بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە” ئەنجمادرا و کەمێک لەمەوبەر ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکە بڵاوکرایەوە.
لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە: چالاکانە خەباتمان لە دژی هەموو جۆرە کۆنەپەرستی و جیاکارییەکی، وەک ڕەگەزی، نەتەوەیی، تائیفی و ئایینی پەرەپێدەدەین، تاکو لە داهاتوودا کارەساتی هاوشێوە بەسەرهیچ نەتەوە و پێکهاتەیەکی کۆمەڵگە دووبارە نەبێتەوە.
ئاماژەیەان بەوەشکردووە، تا ژنان زیاتر پەرە بە خۆمان بدەین، ڕیزەکانمان لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازاد ڕێکبخەین، زیاتر دەتوانین بەشدارییەکی کاریگەرانە بکەین لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی دیموکراسی و ئازادی و ئاشتی لە وڵاتەکانماندا.
لە بارەی هێرشەکانی دژی شەنگال باسی لەوەکردووە، هیچ وڵات و دامەزراوەیەک لێکۆڵینەوەی وردی لەم هێرشە سیستماتیکە بۆ سەر خەڵکی شنگال نەکردووە، ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەو ڕووداوە تاکو ئێستا ئاشکرا نەکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە.
هەر لەو بارەیەوە باس لەوەشکراوە: سەرەڕای ئەوەی کە شنگال ناوەچەیەکی کێشە لەسەرە، بەڵام بەرپرسیارێتی ئەم هەرێمە لەڕووی کارگێڕییەوە بەستراوەتەوە بە حکومەتی ناوەندی عێراقەوە و حکومەتی هەرێمیش بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. بەڵام نە حکومەتی هەرێم نە عێراق دۆسیەی شەنگالیان نەخستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ و کەسیان نەچوونەتە ژێر باری بەرپرسیارێتی ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەر خەڵک و ژنانی ئێزدییدا هات.
داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای نێودەوڵەتی لاهای بۆ تاوانەکانی جەنگ دەکەن بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە و داواش دەکەن ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و زۆرێک لە پەرلەمانەکانی جیهان کارەساتی شەنگال/شەنگالیان بە “جینۆساید” ناساندووە. داواش لە پەرلەمان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەکەن بە فەرمی دان بەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەدا بنێن کە لە شنگال ڕوویدا.
داواش لهو وڵات و دامهزراوانه دهكهن كه به فهرمی دانیان بهو جینۆسایدهدا ناوه، دهستبكهن به دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بهرپرسن لەو ڕووداوە.
هاوکات چەند داوا و بڕیاریکیان خستووەتە ڕوو لەوانە:
- پێویستە وڵاتانی جیهان کاربکەن بۆ ڕزگارکردنی ژنان و منداڵانی ئێزدی کە تا ئێستاش لە چنگی داعشدان. دەبێت ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەکاندایە بۆ زێدی خۆیان نەهێڵدرێن.
- داوا لە پەدەکە دەكەین ڕێگرییەکانی بەرامبەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بوەستێنێت.
- جارێکی دیکە داوا لە هەموو دەوڵەتانی زلهێزدەکەین پشتیوانی لەو هەوڵانە بکەن کە ئامانجیان قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیانی ئێزدی زیان لێکەوتووە بەهۆی ئەو ڕووداوە خەمناکەوە، پاککردنەوەی ناوچە نیشتەجێبوونەکان لە پاشماوەی مین کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە چێنراون، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی شنگال/شنگال.
- تا ئێستا “جینۆسایدی ژنان” لە لیستی تاوانە جەنگییەکان لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی پێنەکراوە. بۆیە داوا لە هەموو ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بە تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، “جینۆسایدی ژنان” کە لە شنگال ڕوویدا، بە تاوانی جەنگ و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەم بدەن.
- ئێمە بەرگری لە مافی هەموو گەل و نەتەوە و بیروباوەڕەکان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر مەترسیەکانی جینۆساید و ژنکوژی و ڕایدەگەیەنین، هێزەکانی خۆپاراستن (یەبەشە) کە لە خەڵک و ژنانی شەنگال دروستبووە، وەک مافێکی ڕەوای خۆیان ببیندرێن.
- داوا لە هەموو ئەو کۆمەڵانە دەکەین پاڵپشتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن، پشتگیری و پشتیوانی لە واقیعی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراسی بۆ خەڵکی شنگال بکەن.
- تا ئەمڕۆش خەڵکی شەنگال بە پشت بەستن بە تواناکانی خۆیان هەوڵیان داوە شوێنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بکەوە، وەک نەخۆشخانە و قوتابخانە و پەرستگاکان. لە کاتێکدا بەهیوابوون وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی و دەوڵەتی عێراق بە تایبەتی بەشداری بکەن لە ساڕێژکردنی برینەکانی ئەم گەلە، بەڵام لەبری ئەوە دەبینین دەوڵەتی تورکیا و عێراق هەریەک بەشێوەیەک هێرش دەکاتە سەر شەنگال، هەموو ئەو هێرشانە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین کە دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئێزیدیەکان و دانیشتووی شەنگال دەستی پێکردووە.
- داوا دەکەین دەستبەجێ هەموو ئەو هێرشانە بوەستن.
- داوا له هێزه پهیوهندیدارهكان دهكهین گهمارۆی ئاسمانی بسهپێنن بهسهر دهوڵهتی تورک كه به ئاسمانی شهنگال بۆردومان دهكات و ئهمهش به پێشمهرجێک دهبینین.
- سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی واژۆ کراوە لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا و هاوڵاتیانی شەنگال تێێدا بەشدار نەبوون، داوا دەکەین بەزووترین کات هەڵبووەشێتەوە و کۆتایی پێبێت.
- بە دڵنیاییەوە پێویستە ژنان لە هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بە شنگالدا بەشداری پێبکرێن، چونەک ئەوان قوربانی سەرەکی هێرشەکانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو بڕیارێک کە جێگەی ئیرادەی ژنان تیایدا نەبێت، نادادپەروەرانەیە و هەمیشەیی نییە.
- داعش بە بیانووی ئایین هێرشی دڕندانەی بۆ سەر ئێزدییەکان دەستپێکرد. بۆیە داوا لە هەموو ئایین و ئایدیۆلۆژییای جیاواز دەکەین کە بەشداری ئەم تاوانەیان نەکردووە، هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ئێزدی نیشان بدەن و گفتوگۆی نێوان ئاینە جیاوازەکان بەرەوپێش بەرن.
- بەناوی سەرجەم ژنانی ئامادەبووی ئەم کۆنفرانسە ڕایدەگەیەنین باشترین و دروستترین وەڵام بۆ ئەم کارەساتە کە کاریگەری لەسەر ژنانی ئێزدی جێهێشتووە، ۆ ئەوەیە پاڵ پشتی ژنانی فێمەنیست بەدەست بێنن.
- بانگەواز لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە پێکەوە تێبکۆشن بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن بەرامبەر کۆمەڵکوژی شەنگال.
ها-غ