کۆنگرەی ڕۆژی ئیسلامی بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان بەڕێوەچوو

کۆنگرەی ڕۆژی ئیسلامی بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان بە سەرپەرشتی ڕابەری ڕەوتی حیکمە لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک لە هۆڵی تایبەت بە ڕەوتی حیکمە لە شاری بەغدا کۆنگرەی ڕۆژی ئیسلامی بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان دەستیپێکرد.

کۆنگرەکە ڕۆژی ١ی مانگی سەفەری عەرەبی، کە دەکاتە ٢٨ی/٩ی هەموو ساڵێک لەلایەن دەزگای حیکمە و بە سەرپەرشتیی عەمار حەکیم، ڕابەری ڕەوتی حیکمە بەڕێوەدەچێت و خۆی تیایدا ئامادە دەبێت.

بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٨ و دوای ئەوەی عەبدلعەزیز حەکیم باوکی عەمار حەکیم تەبەنی ئەوەی کرد، ڕۆژی ١ی مانگی سەفەری هەموو ساڵیک بکرێت بە ڕۆژی ئیسلام بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان، ئەو پێشنیارە برایە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دیارییکردنی ئەو ڕۆژە پەسەند کرا.

١/مانگی سەفەر، ئە ڕۆژەیە، کە دوای شەهیدبوونی ئیمام حسێن، زەینەب-ی کچی ئیمامی عەلی وەک سەبایا لە کەربەلاوە براوەتە وڵاتی شام، ئەم کۆنگرەیەش بۆ بیرهێنانەوەی ئەو ژیانە سەختەیە، کە زەینەب تیایدا ژیاوە.

لە کۆنگرەکەدا نوێنەری نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان، دەیان وڵات، حزب و لایەن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، نوێنەری لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران، ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنیی ئامادەبوون، لە هەرێمی کوردستانیشەوە دوو شاند ئامادەی کۆنگرەکە بوون.

عەمار حەکیم، ڕابەری ڕەوتی حیکمە یەکەم وتاری کۆنگرەکەی پێشکەش کرد و ئەو ڕۆژە مێژوویییەی بە بیرهێنایەوە و وتی: ژنان بەردەوام خاوەن توانا و متمانە بەخۆبوون بوون، نمونەی بەرچاوی ئەو ژنانەش لە مێژووی ئیسلامدا هەیە، وەک فاتیمە.

وتیشی: شیکاری ئیسلامی ڕاستەقینە ئەوەیە ژن دروستکەری سەرەکیی کۆمەڵگایە، دیدی ئیسلامیی و سیاسیی ئێمە ئەوەیە ژن بەشدارە لە تەواوی کایە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و لەتوانایدایە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لە ئەستۆ بگرێت.

پاشان، هەریەک لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، د.ئینتیسار ئەلجبوری، ئەندامی لیژنەی ژنان، خێزان و منداڵان لە ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها، ول بول، نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتار وتاریان پێشکەش کرد.

نوێنەرانی پێکهاتەکان تورکمان و ئێزدییش بەجیا وتاریان پێشکەش کرد و تیکشیان خستە سەر گرنگیی دیارییکردنی ئەو ڕۆژە، تا ببێتە هۆکارێک بۆ لەناوبردنی تودوتیژییەژییەکان و پاراستنی مافی ژنان.

دوای تەواوبوونی کۆنگرەی ڕۆژی ئیسلام بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان، عەمار حەکیم بەجیا لەگەڵ نوێنەری ژنانی هەرێمی کوردستان و ژننی ئێزدیی کۆبووەوە و گوێی بۆ سەرنج و پێشنیارەکانیان گرت.

ش.ف