کۆنگرە دەرگا بەڕووی کێشە ناوخۆییەکانی پارتیدا دەکاتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق لەژێر فشاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا بڕیاریداوە ئەمساڵ کۆنگرەی ١٤یەمی خۆی گرێبدات، دەوترێت باڵەکانی ناو ئەو حزبە دەیانەوێت پێش کۆنگرە تەوافوق بکەن، بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی ئارام ببەستن.


١٨ی ئەم مانگە، بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق' پ د ک، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەو حزبە کۆبووەوە و بەبێ ئەوەی ڕۆژ و مانگ دیاری بکەن، بڕیاریاندا لەمساڵدا کۆنگرەی چواردەیەم ببەستن، دەربارەی شێوازیی کۆنگرەکە و ناکۆکییەکانی ئەم حزبە، وێڕای سەرچاوەکانی ڕۆژنیوز، ماڵپەڕی پەیسەر پرێس-ی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان و چەند ماڵپەڕێکی نزیک لە یەکێتیی، هەندێک زانیارییان خستووەتەڕوو.

پارتی دوایین کۆنگرەی خۆی لە ساڵی ٢٠١١دا گرێدا، کە ١٣یەمین کۆنگرەی بوو، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستن، بەوپێیەش دەبوو لە ساڵی ٢٠١٥دا کۆنگرەی ١٤یەمان ببەستایە، بەڵام تاکو ئێستا ئەنجام نەدراوە.

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە دوایین کۆبوونەوەیدا، دەسەڵاتی ڕەهای داوەتە مەکتەبی سیاسیی تاوەکو ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنگرە بەکۆتا بهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی حەوت کەسیی پێکهێندراوە و مەسعود بارزانی خۆی سەرپەرشتیی کارەکانی لیژنەکە دەکات.

سەرپەرشتییکردنی کاری لیژنەکە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە، بۆ ئەوەیە "ڕێگریی لە کێشەی باڵەکانی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بکرێت".

لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەش بەشێوەیەکی "تەوافوقی" دەبێت و نوێنەری هەردوو باڵەکەی تێدا دەبێت، ئەندامانی لیژنەکەش لە سێ ئەندامی سەرکردایەتیی و چوار ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی تێدان.

لەناو پارتیدا دوو ڕازی جیاواز بوونیان هەیە لەسەر کاتی بەستنی کۆنگرە، ڕایەکیان لەسەر ئەوەیە مانگی سێ-ی ئەمساڵ کۆنگرەکە ببەسترێت، بەڵام پێناچێت ئامادەکارییەکان تا ئەوکاتە تەواوبن، ڕای دووەمیش ئەوەیە بخرێتە دوای مانگی ٦ی ئەمساڵەوە.

هەرچی سەبارەت بە ئەندامانی کۆنگرەیە، بۆچوونێک لەناو ئەو حزبەدا گەڵاڵە بووە، تەنیا كارگێڕ ناوچە و بەرپرسی ناوچەكان و كارگێڕ لق و ئەندام لقەكان مافی خۆكاندیدكردنیان هەبێت بۆ كۆنگرە، ڕایەكی دیکەش ئەوەیە، لەگەڵ ئەمانە ئەندام مەكتەبەكانیش مافی خۆكاندیدكردنیان هەبێت بۆ كۆنگرە و بەرپرسی لقەكانیش ڕاستەوخۆ بكرێن بە ئەندامی كۆنگرە.

ئەوەی تا ئێستا لەناو ئەو حزبەدا مشتومڕی لەسەرە و باڵەکانیش هەریەکەو هەوڵی بۆ دەدەن کەسی یەکەمی ئەو حزبەیە، سەرچاوەیەکی ناو پارتی کە ناوەکەی لای ڕۆژنیوز پارێزراوە ڕایگەیاند، ئەگەر مەسعود بارزانی بکرێتە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم، ئەوا خۆی بۆ سەرۆکی پارتی کاندید ناکاتەوە، دروستبوونی ئەو ئەنجومەنەش لەسەر گڵۆپی سەوزی لایەنەکانی دیکە ماوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ئەگەری خۆ کاندید نەکردنەوەی مەسعود بارزانی، بۆ ڕێگرییکردن لە جیابوونەوە لەناو پارتیدا، نێچیرڤان بارزانی دەکرێتە سەرۆک و مەسرور بارزانیش دەکریتە جێگری.

ئەگەر ئەنجومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم دروستنەکرا، "ئەوا مەسعود بارزانی خۆی بۆ سەرۆک کاندید دەکاتەوە و هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیش دەبنە جێگری، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو دوو باڵە".

هەروەها "چەند سەرچاوەیەکی ناو پارتییەوە کە نەیانویستووە ناویان بڵاوبکرێتەوە، ئاشکرایانکردووە، پێدەچێت باڵی مەسرور بارزانی کۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و گۆڕانكاری لە ژمارەیه‌كی زۆر لە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیدا بكەن و دووریان بخەنەوە لەو بەرپرسیارێتییە".

ئەو بەرپرسانەشی کە لە کۆنگرەدا لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە، "لەسەر میلاکی هێزەکانی زێرەڤانی خانەشنین دەكرێن، كەسایەتییە سەربازیی و عەشایەرییەكانیش زۆرترین قوربانیی ئەو گۆڕانكارییە دەبن".

پێدەچێت ئەوانەشی کە لەم کۆنگرەیەدا دووردەخرێنەوە نزیکەکانی نێچیرڤان بارزانی بن، بەوپێیەی پێشتر ماڵپەڕی لڤین لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی ئاشکراکردبوو، مەسرور بارزانی دەیەوێت لە کۆنگرەی داهاتووی پارتیدا ئاو بکاتە کەشتیی نێچیرڤانەوە و زۆرینەی کەسە نزیکەکانی دووربخاتەوە و هەژموونی لەناو حزب و حکومەتیشدا لاواز بکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، مەسرور بارزانی دەیەوێت لەڕێگای پلانێکەوە کە لەلایەن یەکەیەکی پاراستنەوە سەرپەرشتیی دەکرێت، ٤٠٠ کەسی نزیک لەخۆی بباتە کۆنگرەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکانی ناو کۆنگرە لە قازانجی خۆیان بشکێننەوە.

ئەو سەرکردانەی لە ڕاپۆرتەکەی لڤین-دا ناویان هاتبوو کە بڕیاردراوە لەم کۆنگرەیەدا دەرنەچن، بریتین لە: عارف تەیفور، كەریم سنجاری، ئازاد بەرواری، مەسعود ساڵەیی، ڕەمزی شەعبان.

ئەوانەی بەھاوكاری مەسرور بارزانی دەردەچوێنرێنەوە: فازڵ میرانی، مەحمود محەمەد، ڕێبوار یەڵدا.

ئەوانەشی كە دەردەچن و دەمێننەوە بریتین لە: چنار سەعد عەبدوڵا، ڕێبەر ئەحمەد، عەلی تەتەر، عەلی عەونی، ھێمن ھەورامی، ھیوا گەیلانی، بەسام عەلی، ئالان حەمەسەعید، سەربەست لەزگین و ھەڤاڵ كرمانج.

ئەو ململانێیانش ئەو بۆچوونەی لای زۆرینەی بەرپرسانی پارتی گەڵاڵە کردووە، کە كۆنگرەی داهاتوویان "تەوافوقی" بێت، تا كۆنگرەیەكی هێمنانە بەڕێوە ببرێت، بەوپێیەی نێچیرڤان بارزانی پێشتر نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەنگاوەکانی مەسرور بارزانی لە دوورخستنەوەی کەسە نزیکەکانی لە حکومەت گەیاندبووە بارزانی مامی.

ئەوەی هێشتا ڕوون نییە، پەیکەری ڕێکخراوەیی داهاتووی ئەو حزبەیە، کە ئایا وەک خۆی دەمێنێتەوە یاخود گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنی لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆنگرەوە پەیوەندیی بە چەندین ئەندامی سەرکردایەتیی پارتییەوە کرد، بەڵام هەرکەیان بەبیانوویەک ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان عێراق لە مانگی ٨ی ١٩٤٦ـەوە دامەزراوە و تاوەکو ئێستا ١٣ کۆنگرەی بەستووە، کۆنگرەی ١٤یەمیشی دوای پێنج ساڵ دواخستن، ڕەنگە وەک ئەوەی لێی چاوەڕێ دەکرێت نەتوانێت "ناوماڵی پەرتەوازەی ئەو حزبە کۆبکاتەوە، بەپێچەوانەوە دەرگا بەڕووی ناوکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبەدا بکاتەوە".

 س.ح