کۆژین چەند جۆرێک سابوون بە شێوەیەکی زانستی بەرهەم دەهێنێت

تەواوکردنی خوێندن و دانەمەزراندنی، نەیتوانیوە ببێتە لەمپەر لە بەردەم خولیاکان و چێژی کارکردنی کۆژین، بەڵکوو بە هەوڵدانی خۆی توانیویەتی هەلی کارکردن بۆ خۆی بڕەخسێنێت و لە ماڵەوە کار لە سەر بەرهەمهێنانی چەند جۆرێک سابوون بە شێوەیەکی سروشتی بکات.


کۆژین فایەق، ژنێکی گەنجە و تەمەنی ٢٨ ساڵە و دەرچووی کۆلیژی کشتوکاڵییە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، ماوەی پێنج مانگ دەبێت لە ماڵەوە و بە بەکارهێنانی ماددەی سروشتی، چەند جۆرێک سابوون، بە شێوەیەکی زانستی بەرهەم دەهێنێت.

کۆژین بۆ دروستکردنی هەر جۆرە سابوونێک سەرەتا لێکۆڵینەوەیەکی باش خوێندنەوەیەکی زانستییانەی بۆ دەکات، ئەو ماددانەی کە بەکاری دەهێنێت سروشتین، لەوانەش چەند جۆرێکی گوڵ، زەیت، دارچین، زەردەچەوە، ڕەشکە، هەنگوین و میوەی وشککراو، کە خۆی وشکی دەکات، هەروەها بە زۆر شێوازی جوان و سەرنجڕاکێش دروستی دەکات و سابوونی گەورە و منداڵی بە شێوەکان جیا کردووەتەوە.

دروستکردنی سابوون بە دوو ڕێگایە، سارد و گەرم، کە گەرمەکە بە ماوەیەکی کەم دوای ٢٤ کاتژمێردەخرێتە بازاڕەوە، واتە زوو ئامادە دەبێت، بەڵام کۆژین بۆ بەرهەمەکانی ڕێگای ساردی هەڵبژاردووە، چونکە بە ساردی زەیتەکان و ماددەکان سودی خۆیان ون ناکەن و بە شێوەیەکی زانستی دروستی بە ئەنجام دەگەن، کە بە ئامێرێکی کارەبایی هەر یەک لە ماددەکان تێکەڵ دەکات و پاشان بە سەر قاڵبەکان و بە چەند شێوازێکی جیاواز دابەشی دەکات، ماددەی سەرەکی 'هایدرۆئۆکسید سۆدیۆم' بۆ بەکار دەهینێت، کە دوای شەش هەفتە و لە شوێنێکی گونجاودا دەبێت بە هەڵم و پشان دەبێتە سابوون.

ئەو ژنە گەنجە بەرهەمەکانی بە ڕێگای ڕاستەخۆ و تۆڕەکانەوە دەفرۆشێت و تا ئێستا لە شاری سلێمانیدا ئەو سابوونانەی نەخستووەتە بازاڕەوە، بەڵام لە یەکێک لە دوکانەکانی هەولێردا بەشێکی دەفرشێت و دەڵیت: ئەگەر کەسێگ هاوکاریم بکات و سپۆنسەرم بێت هاوڵاتیانیش دەتوانن سوودمەندبن.

کۆژین خوازیارە لە داهاتوودا، کارەکەی فراوانتر بکات و کارگەیەکی هەبێت تا لە ناوخۆدا سوود لە بەرهەمی خۆمان ببینین و چاوەڕوانی شمەکی وڵاتانی دیکە نەبین و دەڵێت "بۆ ئێمە هەمیشە لە دەرەوە شتومەک هاوردە بکەین، با ئەوانیش بێن لە وڵاتی ئێمەوە بەرهەم ببەن و بزانن کە ئێمەش خاوەنی زۆر شتین و توانای بەرهەمهێنانمان هەیە".

س.ح