کەرکوک، توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان دوو هێندە زیادیکردووە

بەپێی ئامارێک، کە ئەندامێکی ڕێکخراوێکی ژنان وەریگرتووە، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا هێندەی ساڵی ٢٠١٧ توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان کراوە، بەو پێیەش ئاماری توندوتیژیی بەرامبەر ژنان دوو هێندە بەرزبووەتەوە.


لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧-ەوە بە فەرمیی هیچ ئامارێکی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان لە پارێزگای کەرکوک ڕانەگەیەندراوە، لە کاتێکدا لە ساڵانی پێشووتر پۆلیسی کەرکوک بە هەماهەنگیی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگا و نوێنەری ڕێکخراوەکانی ژنان، ئامار ڕادەگەیەندرا.

نێرگز قادر، میدیاکار و ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان، لەڕێگای سەرچاوە تایبەتەکانییەوە لە بنکەکانی پۆلیس و سەرچاوەی دیکەوە، توانیوێتی ئامارێک دەست بخات، کە بەپێی ئامارەکە توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان دوو هێندە زیادییکردووە.

بەپێی ئامارەکە، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٤٥٠ حاڵەتی توندوتیژیی تۆمارکراوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو لە تەواوی ساڵەکەدا ٤٥٠ حاڵەت تۆمارکراوە.

توندوتیژییەکان دابەش بوون بەسەر حاڵەتەکانی (کوشتن، خۆکوشتن، لێدان، خنکاندن، ناوزڕاندن، دە‌ستدرێژیی، سکاڵا)، کە له‌سه‌ر ناپاکیی هاوسه‌رگیریی زۆرترین سکاڵا کراوە.

نێرگز قادر، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، ساڵی ٢٠١٨ی بە ساڵێکی پڕ توندوتیژیی بۆ ژنان ناوبرد و خەمساردیی هێزە ئەمنییەکانیشی بە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی توندوتیژییەکان ناوبرد و وتی:"ئه‌م هێزە‌ تازە‌ی، که‌ له‌ که‌رکوک هەیە شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی به‌رامبه‌ر که‌یسی ژنان ناڕوونه‌، پۆلیس به‌دواداچوون بۆ که‌یسە‌کان ناکات و بە گرنگی نازانێت".

ئەو ژنە چالاکوانە، بێدەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕاگرتنی کار و چالاکییەکانیان لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە هۆکارێکی دیکەی هەڵکشانی ئامارەکە لە کەرکوک ناوبرد.

هەر لە بارەی کەیسەکانی ژنانەوە لە دادگای کەرکوک، زینه‌ ئه‌شرە‌ف، پارێزەرێکی شاری کەرکوک بە ڕۆژنیوزی وت:"ئه‌وە‌ند‌ەی که‌ ئێمه‌ له‌ دادگا کار دە‌که‌ین که‌یسه‌کانی ژنان زۆربوون‌ له‌ دادگا و به‌ به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو سکاڵای ژنان له‌سه‌ر ڕە‌گه‌زی به‌رامبه‌ریان زیادیکردووە".

 

سەبارەت بە کار و چالاکیی ڕێکخراوەکان-یش، سورد ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی کۆمه‌ڵه‌ی هیوای عێراقی بۆ مافه‌کانی ژنان و مرۆڤ، بە ڕۆژنیوزی وت:"ئێمه‌ به‌ گوێرەی ئه‌و ئامارانه‌ی لەبەردەستماندایە کار و چالاکیی خۆمان ئه‌نجام دەدەین".

نابراو، هۆکارە‌کانی زیادبوونی  توندوتیژیی به‌رامبه‌ر به‌ ژنانی گەڕاندەوە بۆ "خراپیی دۆخی ئه‌منی و ئابوری عێراق، هه‌بوونی چه‌ک له‌ هه‌موو ماڵێکدا یه‌کێکه‌ له‌ هۆکارە‌ بنه‌ڕە‌تییه‌کان".

ڕۆژنیوز بۆ وە‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر ئاماری توندوتیژی دژ به‌ژنان، چه‌ندین جار په‌یوە‌ندی به‌ وته‌بێژی پۆلیسی که‌رکوک-ە‌وە‌ کرد، به‌ڵام وە‌ڵامی په‌یوە‌ندیه‌کانیان نه‌دایه‌وە‌.

س.ح