کەلار، یادکردنەوەی شەهیدانی پاریس لەلایەن ئاسایشەوە قەدەغە کرا

ئاسایشی گەرمیان بە نووسراوێکی فەرمیی، یادی شەهید ساکینە جانسز، یەکێک لە پێشەنگانی پەکەکە و دوو هەڤاڵی دیکەی, لە شارۆچکەی کەلار قەدەغەکرد.


بڕیاربوو کاتژمێر ٠٢:٠٠ی ئەمڕۆ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی گەرمیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک-ەوە، حەوتەمین ساڵیادی شەهیدان ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بکرێتەوە، بەڵام ئاسایشی کەلار ئاگاداری کردوونەتەوە، کە بەپێی نووسراوی فەرمیی ئاسایشی گەرمیان، نابێت ئەو یادە لە شارۆچکەکە بکرێتەوە.

بەڕێوبەرانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە کەلار ڕایدەگەیەنن، کە ئاسایش ئامادەنەبووە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر بڕیاری قەدەغەکردنی یادەکە پێبدات.

بڕیاریشە کاتژمێر ٠٢:٣٠ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە کەلار، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لەسەر ئەو بڕیارە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری گەرمیان بەڕێوەببەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی هەریەکە لە ساکینە جانسز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز-دا تێپەڕبوو، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا تیرۆرکران.

س.ح