کەمپەینی دەنگی سێوان لە هەولێر ڕاگەیەندرا

کەمپەینی دەنگی سێوان لە شاری هەولێر ڕایگەیەندرا و یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپەینەکەش دەڵێت، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بە بەشداری سەرجەم چین و توێژەکانی هەولێر ئەنجام دەدەن.


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر سەنتەری ئاڵا بە هاوکاری  ڕێکخراوی هەنگاوی نوێ کەمپەینی دەنگی سێوان-یان ڕاگەیاند.

خەندە ڕەشاد، یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپەینەکە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە ئەمڕۆ کەمپەینێکمان ڕاگەیاند بە ناوی کەمپەینی سێوان، بەڵام کاری ئەو گروپە تەنها کەیسی سێوان قادر نابێت، بەڵکو لە داهاتوو کاری زیاتر دەکەین بۆ ئەوی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان کەمتر بێتەوە چیتر ژنان نەبنە قوربانی دەستی کۆمەڵگە بە بیانوی جیاجیا.

وتیشی: کاتێک دیاری دەکەین بۆ ئەوەی گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بە بەشداری سەرجەم چین و توێژەکانی شاری هەولێر ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕابگەیەنین تا کار لەسەر پرسی ژنان بکەن و توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان کەمبێتەوە، ژن کوشتن یان خۆسوتاندن نەبێتە هەواڵی گەرمی ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان.

سێوان قادر ژنێکی دانیشتوی شارۆچکەی چەمچەماڵ بوو، تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو دایکی سێ منداڵ بوو، ڕۆژی ١٦-١٢-٢٠١٨ لە لایەن "هاوسەرەکەیەوە" لەگەڵ سێ منداڵەکەی سوتێندران، هەر سێ منداڵەکە هەمان ڕۆژ گیانیان لەدەستدا، بەڵام سێوان دوای هەشت ڕۆژ و لە ٢٤-١٢-٢٠١٨ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، ئەو ڕووداوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

 

ک.ک