کەمپەینێک بۆ ئازادکردنی زارا ڕاگەیەندرا

زارا محەمەدی، کە ژنە چالاکوانێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەیەک لەمەوبەر دەستگیرکراوە، لەلایەن چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کەمپەینێک بۆ ئازادکردنی ڕاگەیەندرا.


دەستگیرکردن و زیندانی کردنی چالاکوانان، ژینگەپارێزان و ئەندامانی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەردەوامە، ماوەیەک لەمەوبەر چەندین کەس لە چالاکوانان دەستگیرکران کە ژمارەیەکیان ئازادکراون، بەڵام ژنە چالاکوانێک بەناوی 'زارا محەمەدی' خەڵکی سنە، بەڕێوبەری 'ئەنجومەنی نوژین' کە ئەنجومەنێکی ئەدەبی و فەرهەنگییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و منداڵانی فێری زمانی کوردی کردووە هێشتا لە زینداندایە.

دوێنێ لە شاری سنە ژمارەیەک لە چالاکوانان گربوونەوەیەکیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی زارا محەمەدی بەڕێوەبرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا، چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ پشتیوانی لە زارا محەمەدی و بۆ ئازاد کردنی، کەمپەینێکیان بە ناوی "#ئێمه_هەموومان_زارا_ین" ڕاگەیاندووە و داوایان کردووە پاڵپشتی لە کەمپەینەکەیان بکرێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەمپەینەکە وەهایە:

بەناوی سەربەستی

هاوڕێیانی خۆشەویست وەک ئاگادارن ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردان سێ کەس لە چالاکانی مەدەنی و دڵسۆزانی نیشتمان کە ئەندامی چالاکی "ئەنجومەنی نۆژین" بوون بە شێوەیێکی نایاسایی و ناڕەوا لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەسبەسەر کران کە پاش چەند ڕۆژ دوو کەسیان بەناوەکانی کاک ئدریس و کاک ڕێبوار مێنبەری ئازاد کران بەڵام بەداخەوە خاتوو زارا موحەمەدی بەرپرسی گشتی نۆژین هێشتا ئازاد نەبووە، ئەمه له کاتێکدایە کە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نابراو ناڕوونە و بەرپرسانی ئەمنی خۆیان لەوە بواردووە لەسەر دۆخ و تۆمەتە وەپاڵ دراوەکانی ناوبراو بەرچاوی ڕوونی بدەنە خەڵک و بنەماڵەی زارا، بۆیە ئێمه وەک بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان بە ئەرکی خۆمان ئەزانین بە هەموو شێوەیێک پاڵپشتی لەو کچە دڵسۆزەی نیشتمان بکەین و ئیدانەی دەسبەسەرکردن و ڕاگرتنی نایاسایی بکەین و داواکارین ئێوە هاونیشتمانیانی ئازیزیش هاوڕێ و هاودەنگمان بن.

#ئێمه_هەموومان_زارا_ین

#هەموومان_دەنگی_زارا_ین

د.ع