"کەمپەینەکەی کژار ئاسۆیەکە بۆ ژنان"

کژار، کەمپەینەکەی بە ئاسۆیەکی کراوە بۆ ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینێت و داوای بەشداریی زیاتری ژنان دەکات.


ڕۆژی ٢٨ی تەمموز، کۆمەڵگای ژنانی ئازادی کوردستان-کژار، کەمپەینێکی لەژێر ناونیشانی 'لەدژی توندوتیژیی یەکگرتوو بین و تێبکۆشین تا ئازاد ببین' ڕاگەیاند و بەردەوامیی هەیە.

لە ڕاگەیەندراوی ڕاگەیاندنی کەمپەینەکەدا، کژار داوای لە هەموو ژنانی ئێرانی لەوانە؛ فارس، کورد، لوڕ، عەرەب، بەلوچ، تورکمان، مازەنی، گیلەک و ئازەری کرد، کە بۆ لەناوبردن و کۆتاییهێنان بە زیهنییەت و هەیکەلە دژە ژنی دەسەڵاتی ئێران، هەستنە سەرپێی و بەرگریی لە شوناس و هەبوونی خۆیان بکەن.

جوانا سنە، بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کژار لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنیوز بەم جۆرە باس لە هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی ئەو کەمپەینە دەکات" ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییانەی کە ڕووبەڕووی ئێران بووەتەوە کاریگەرییەکی گەورەی  لە سەر هەموو بوارەکانی ژیان داناوە، ئەوەی لە ناو کۆمەڵگاشدا زۆرتر بوونەتە قوربانیی ژنانن، چەندین ساڵە ڕژێمی ئێران ژنانیان لە هەموو بوارەکانی ناو کۆمەڵگا بێ ڕۆڵ کردووە و ڕێگا نادەن ژن ببێتە خاوەن ئیرادە و سەربەخۆیی خۆی".

باسی لەوەش کرد: بە دەیان ژنی چالاکوان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکراون کە چارەنووسی زۆربەیان نادیارە و هۆکاری زیندانییکردنیشیان تەنها ئەوەیە، کە داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان کردووە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەر لە ژنبوونیان بە هۆی کوردبوونیشیانەوە دووبارە دەبنەوە قوربانی و تا دێت گوشارەکان لە سەریان زۆرتر دەبێت و ڕۆژانە چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێز و ڕۆشنبیر بە بیانووی جیاجیا دەستبەسەر دەکرێن.

وەک بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کژار باسی دەکات"خۆکوشتنی ژنان، کێشەیەکی دیکەی ناو گۆڕەپانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە دەرگایەکی واڵا نابینن بۆ چارەسەری بۆیە پەنا دەبەنە بەر ئەوەی کۆتایی بە ژیانیان بێنن، هاوکات بێکاریی ڕەوشێکە کە هەرە زۆری لە ژێر سێبەری  دەسەڵاتی ڕەگەزگەراییە و وەک کاڵایەک ژن، بە کار هێنراوە".

جوانا سنە، ئاماژەی بە دەردێکی دیکەی کۆمەڵگای ئێران کرد، کە"هاوسەرگیریی پێشوەختە و زۆرەملێیە، هەروەها هاندانی خێزانە بۆ منداڵبوونی زیاتر، لەکاتێکدا زەمینەیەکی لەبارنییە بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە".

جوانا، هەروەها، وتی: یاساکان و سیستمی بەڕێوبەردنی ئێران لە دژی ژنانە و پێویستە چاکسازیی تێدا بکرێ، لە چوارچێوەی سەرجەم کێشەکان کە باڵی بە سەر ژناندا کێشاوە، ژنان دەکوژرێن و بێدەنگییش لە ئارادایە، کە سەلمێنەری ئەوەیە سیاسەتی جۆربەجۆر لە پشتیەوەیەتی.

دەبارەی گرنگیی کەمپەینەکەی کژار، جوانا سنە، وتی: ئێمە ئەم کەمپەینە بە ئاسۆیەکی کراوەتر بۆ هەموو ژنان دەبینین، هەوڵدەدەین هەم لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتدا لەڕووی دیبلۆماسیی و کۆمەڵایەتیی دەنگی خۆمان بگەیەنین بە ژنان و کۆمەڵگا، هەروەها لە ئەوروپا هۆشیاریی بڵاودەکەینەوە و بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە خۆمان دەگەیەنینە کەسانی ئەکادیمیی و ڕۆشنبیر.

سەبارەت بە پێشوازییکردن لە کەمپەینەکەشیان، ناوبراو، وتی: پێشوازییکردن لەم کەمپینە باشبووە، بەڵام هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پرسە چارەنووسسازەکان بە تەنیا ناکرێت بۆیە داوا لە هەموو ژنان دەکەین کە لەم کەمپینە بەشدار بن.

هەروەها، بێریڤان سەقز کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی باشورە، دەربارەی کەمپەینەکە وتی: سیستمی ئێران وایکردووە کێشەکان تەشەنە بکەن و کۆمەڵگا بەرەو سەرلێشێواویی بچێت، هەموو کێشەکانیش ڕووبەڕووی ژن دەبنەوە، بۆیە بانگەوازیی لە تەواوی ژنان دەکەم لە ڕێگای ئەم جۆرە کەمپەینانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن.

ش.ف