کەوتە داوی هاوسەرەکەی و لە زیندان بەئاگاهاتەوە

ناسک ناوی خوازراوی ژنێكی تەمەن ١٨ ساڵه‌، بێ ویستی خۆی باوکی بەشووی دا و حاشای لێکرد، هاوسەرەکەشی تووشی ماددەی هۆشبەری کرد و لێی جیابووەوە، ئێستاش لە زینداندایە و ئەگەرچی ماوه‌ی حوکمەکەی تەواوبووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ٤٥٠ هەزاری غەرامە لە زیندادا ماوەتەوە. ناسك ئێستا لە چاکسازیی گەورانی سلێمانییە، ئەو بە ماکسییە پرتەقاڵییەکەی ڕەنگی تاوانەوە و بە لەچکێکی ڕەشەوە لەسەر کورسییەکەی بەرامبەرمان دانیشت و چیرۆکی خۆی بۆ گێڕاینەوە. ناسک، خەڵکى شارۆچکەیەکی باشوری کوردستانە لە سنووری ئێران، لەتەمەنی ١٣ ساڵییدا، ئەو کاتەی دایکی کۆچی دوایی دەکات، ناسک لەگەڵ دوو خوشک و تاکە براکەیدا بێ ناز دەمێننەوە پێدەنێنە ڕۆژگارێکی ڕەشەوه‌،


"باوكم هەرزوو هاوسەرگیریی کردەوە و ئێمه‌ی لە سۆزی خۆی بێبەشکرد"

ڕۆژگار دێت و دەچێت باوکی ناسک و هاوسەرە نوێیەکەی مامەڵەیان لەگەڵ منداڵەکاندا خراپ دەبێت، ئیدی دەکەونە بیری بەشوودانی کچەکان و یەک یەک بەشوویان دەدەن، لە مانگی ١٠ی ٢٠١٥-ش، نۆبەی ناسک دێت بێ ویستی خۆی، ناسک لەگەڵ پیاوێکی ٢١ ساڵ هاوسەرگیریی پێدەکرێت. چوونە ناو ماڵێکی نوێ، ڕۆژگاری ناسک-ی سپی نەکردەوە، بەڵکو وەک دڵی باوکی ڕەشتری کرد، ڕۆژێک کاتێک دەچێتە پشت هەیوانەکە دەبینێت، هاوسەرەکەی خەریکی کێشانی ماددەیيەکە، کاتێک ناسك دەپرسێت"ئاری ئەو ماددەیە چییە"

ئاری بە لێدان وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت 'پەیوەندیی بە تۆوە نییە'

ناسك به‌ ده‌نگێكی نزمه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ قسه‌كردن و ده‌لێت"ئاری، بۆ پۆشینی خراپەکارییەکانی خۆی،  سەرنجی منیڕاکێشا بۆلای ئەو ماددە هۆشبەرانەی بەکاری دێنێت و پەسنیان دەدات، کێشی زۆری جەستەی منى  وەک خاڵێکی لاواز بەکارهێنا و هانی  دا م بۆ بەکارهێنانی کریستاڵ، بە بانگەشەی ئەوەی'کریستاڵ زەعیفت دەکات، تۆش بەکاری بێنە".

ناسک، هێواش هێواش فێری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبێت وه‌كخۆی ئاشكرای كرد، ناسك ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌"  هاوسەرەکەم  تەنیا بەکارهێنەر نه‌بوو، بازرگانیشی پێوەدەکرد،هاوسه‌ره‌كه‌م بەڕادەیەک ئالودە بووە، جەستەی خۆی بە چەقۆ بریندار دەکرد.

به‌ هه‌نسكه‌وه‌ ئه‌وه‌شی بۆ قسه‌كانی زیاتر" هاوسه‌ره‌كه‌م  دەرگاى لەسەرداده‌خستم و به‌رده‌وام لێی ده‌دام".

ڕۆژگار دێت و دەچێت، ژیانی ناسک خراپتر دەبێت، لەلایەک بەدەست ئەشکەنجەکانی هاوسەرەکەیەوە دەناڵێنێت، لەلایەکی دیکەوە گیرۆدەی دەستی ماددەی هۆشبەر بووە.

وه‌ك ناسك باسیده‌كات"خانەوادەی ئاری ئەگەرچی ئاگاداری دۆخی کوڕ و بووکەکەیانن، بەڵام هیچ لێپرسینەوەیەک ناکەن و دەستبەرداری دەبن، پێش ئەوەی داخوازیی منيش بکەن زانیویانە کوڕەکەیان ماددەی هۆشبەر بەکاردێنێت، بەڵام بۆ ئەوەی لە دەستی ڕزگاریان ببێت، هاتنة داواى من.

ناسک لە ماڵەکەی خۆیدا ئارایشتگای دانابوو، بەهۆی بەکارهێنانی کریستاڵەوە نانی بۆ نەدەخورا و کێشی ڕۆژ بە ڕۆژ دادەبەزی، کاتێک سەردانیکەرانی ئارایشتگاکەی پێیان دەوت'زەعیف بووی' زۆر دڵی خۆش دەبوو، ئەمەش زیاتر هانی دەدا بۆ نوقومبوون لە گێژاوی بێهۆشییدا. دڵخۆشییەکانی ناسک تەنیا ئەوکاتانەبوو، کە لەگەڵ موشتەرییەکانیدا بەدەم وەڵامی پرسیاری 'ئەوە بەچی زەعیف بوویت'ەوە دەتریقایەوە، کاتێک پێیدەنایەوە ئەو ژووەرەیکە بۆ یەکەم جار ئاری تێدابینی خەریکی کێشانی ماددەی هۆشبەر بوو، ئیدی هەموو شت دەگۆڕا، ئاری لەلایەک سەرقاڵی کێشانی هیرۆین دەبوو، ناسکیش کریستاڵ، دوای ئەوەی ئاری بەتەواوی بێهۆش دەبوو، ئینجا دەکەوتە گیانی ناسک و لێی دەدا، دواتر دەچووە دەرەوە و دەرگاکەی لەسەر ناسک دادەخست، ئەمەش دەبێتەهۆی توڕەیی ناسک و وردە وردە ناکۆکییەکانیان گەورە دەبێت.

ناسک، چیدی بەرگە ناگرێت بڕیاری جیابوونەوە دەدات، بەڵام بۆ کوێ؟ خۆ جێیەک نییە ڕووی تێبکات، باوکی پێیوتووە بەهیچ شێوەیەک نەیەیتەوە ماڵەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا سورە لەسەر بڕیارەکەی، بەڵام سەرەتا پێویستی بەوەیە واز لە ماددەی هۆشبەر بهێنێت، دوو مانگ دەچێتە ماڵی خوشکی هاوسەرەکەی، ئەو زۆر هاوکاریی دەکات و لەو دوو مانگەدا تەنیا لە هاوسەرەکەی نا، لە کریستاڵ-یش دووردەکەوێتەوە، بەڵام کردنەوەی ئەو دەرگایە تا سەر نابێت، بەهۆی کێشە بەردەوامەکانی نێوان دشەکەی و هاوسەرەکەیەوە ناچار دەبێت ماڵەکەیان بەجێبێڵێت، چونکە پییوایە، ئەو هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشانەیە. جارێکی دیکە ڕووەو ئەوماڵەی، کە بەدبەختییەکانی تیایدا باڵای کرد، ڕووەو لای ئەو پیاوەی، دەستی گرت بۆ ناو زۆنگاو، ڕووەو بەکارهێنانی کریستاڵ بووە و چووەوە هەمان دۆخی جارانی.

شەڕ و ناکۆکیی دەستپێدەکاتەوە، هەرچەندە دووگیان-یش دەبێت، بەڵام ناسک ئیدی بەرگەی ئازاری هاوسەرەکەی ناگرێت و جیادەبێتەوە، بێ ئەوەی پەناگەیەک هەبێت ڕووی تێ بکات، دووکانێک بە کرێ دەگرێت و بەردەوامیی بە کاری ئارایشت دەدات، هەر ئەو دووکانە دەکات بە شوێنی حەوانەوەی و شەو ڕۆژی تێدا بەسەردەبات.

ناسک منداڵی دەبێت، دەزانێت، کە بەهۆی بەکارهێنانی کریستاڵەوە نابێت شیر بە منداڵەکەی بدات و بەخێوکردنی منداڵ لەو دۆخەدا بۆ ئەو زۆر زەحمەت دەبێت، بۆیە منداڵەکەی دەدات بە خوشکی هاوسەرەکەی تا بەخێوی بکات.

ناسک ماڵی نییە و شوێنی مانەوەی مەترسیدارە، بۆیە بیر لەڕێگایەک بۆ خۆپاراستن دەکاتەوە، باشتری ڕێگاش بەلای ئەوەوە، دەستبەرداربوون لە ژنێتی و خۆگۆڕینە بۆ پیاو، بۆیە ئەو کاتانەی لە ساڵۆنەکەی دەچێتە دەرەوە، جلی پیاوانە دەپۆشێت، ئێلەگ و شەرواڵی کوردیی دەپۆشێت و پۆستاڵ لەپێ دەکات، تا ئەوکاتەی ناسراوێکیان دێتە ئارایشتگاکەی و بانگهێشتی ماڵی خۆیانی دەکات. ئەو ڕۆژە چی بینی؟ ئەو ژنەی پەلکێشی ماڵی خۆیانی کرد، خەریکبوو هیرۆینی دەکێشا، ئیتر ناسک-یش گرێی دڵی خۆی لاکردەوە و پێیوت، ئەویش کریستاڵ بەکاردێنێت و لە ڕۆژێکدا ٢٥ تا ٥٠ هەزار دەدات بە کریستاڵ. هاوسەری ژنەی خاوەن ماڵ، جگە لە بەکارهێنان بازرگانییشی بە ماددەکەوە دەکرد، هەر ئەویش ڕۆژانە کریستاڵی بۆ ناسک دەهێنا، ناسک مانگێک لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، تا ڕۆژێک پۆلیس خۆی دەکات بە ماڵدا و ناسک و ژنەکەی هاوڕێی دەستگیر دەکات، هاوسەری ژنەکەش هەڵدێت و لە دەستی پۆلیس قوتاری دەبێت. سەرەتا تۆمەتبارەکە ڕەتیدەکاتەوە، کە ماددەی هۆشبەر بەکاربێنێت و وای نیشان دەدات، کە ئەو ئاگادار نییە لەو ماڵەدا ماددەی هۆشبەر بەکاردێت، بەڵام دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی پزیشکیی، ئیدی ناتوانێت دان بە تاوانەکەیدا نەنێت، بۆیە لەبەردەم پۆلیس و دادگادا ئاشکرای دەکات، کە هاوسەرەکەی فێری بەکارهێنانی ئەو ماددەیەی کردووە و خۆشی هەم بەکاری دێنێت، هەم کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکات، ئینجا هاوسەرەکەشی دەستگیر دەکرێت. بە وتەی ناسک، هەریەک لە ئاری و ئەو ژنەی، کە ناسکی بردبووە ماڵەکەی خۆی، بەهۆی "واستە"وە دوای شەش مانگ ئازاد کراون، بەڵام ناسک بە ساڵێک زیندانیی و ٤٥٠ هەزار دینار غەرامە حوکم دەدرێت. ٢٠/تەمموزی ئەمساڵ حوکمەکەی ناسک تەواوبووە، بەڵام هەتا ئێستا لە زینداندایە، هەتا ئێستاش هیچ کەسێک لە کەوسوکارەکەی سەردانیان نەکردووە، لەدوای تەواوبوونی حوکمەکەی ناسک دەبوو غەرامەکە بدات، بەڵام هیچ کەسێک سەردانی ناکات و ئاماددەنییە ئەو بڕە پارەیەی بۆ بدات، تا لە زیندان بچێتە دەرەوە، بۆیە ناسک ناچارە لەدوای حوکمەکەشی شەش مانگی تر لە زینداندا بمێنێتەوە. باوکی ناسک، لەدوای دەستگیرکردنی کچەکەی، جارێکی دیکە بڕیاری حاشالێکردنی نوێکردەوە، بەو بەهانەیەی باوکی ئاگادارنەکردووەتەوە لەوەی هاوسەرەکەی ماددەی هۆشبەر بەکاردێنێت و خۆشی بەکاری هێناوە، هەڕەشەشی لە براو خوشکەکانی ناسک کردووە، کە بەهیچ شێوەیەک ناسک نەبینن. ئەو رزگاربووە، نایەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر هەمان ڕێچکەی جاران و دەیەوێت لەدوای ئازادبوونی، بچێتە ماڵی ئەو دشەی، کە زۆر باشبووە لەگەڵی، تا ئەوکاتەی دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی جارانی و دەتوانێت ماڵێک بۆ خۆی منداڵەکەی بەکرێ بگرێت. "

"ئامادە نییم جارێکی دیکە هەڵە بکەمەوە" ئەمە دوایین قسەی ناسک بوو، کە چەند جارێک دووبارەی کردەوە و ئینجا ژووورەکەی بەجێهێشت. ئەم چیرۆکە تەنیا نمونەیەک بوو لەو دەیان چیرۆکەی، کە لە چاکسازیی ژنانی سلێمانییدا هەیە، هەرەیەکە و بەدەم گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان بۆ یەکتر، سەدان شەو بەڕێدەکەن. لە شەش مانگی یەکەمی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٩٥ هاتوو بۆ ناو چاکسازیی تۆمارکراوە، ٢٦١ کەسیان ڕاگیراو بوون، ٣٤ کەسیان سزادراوبوون لەو ژمارەیەش ١٤-یان ژ بوون، هەروەها، لە ڕۆژی ٢٢/٩/٢٠١٩، کە ئێمە سەردانی چاکسازیی ژنانمان، کرد، ٨٠ سزادراو و ڕاگیراو هەبوون، لەو ژمارەیەش ٣٥ ژنی سزادراو هەبوون.

تێبینی/ دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێکخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاریی جێندەریی، شنە بابا عەلی ئەم راپۆرتەی ئامادەکردووە.

ش.ف