ژنە شاعیری کورد کەژاڵ نوری، نوێترین بەرهەمی خۆی بۆ گەریلاکانی ئازادی دەنووسێت و بڵاویدەکاتەوە.
کەژاڵ نوری مەلەک، نوێترین بەرهەمی خۆی بۆ گەریلاکانی ئازادی نووسیوە و بڵاوکردوەتەوە، کە چەندین ساڵە لە چیاکانی کوردستان دژی داگیرکاری و چەکی کیمیایی تێکۆشان لەپێناو ئازادی گەلی کورد و کوردستاندا دەکەن.
کەژاڵ نوری لە شیعرە نوێکەیدا باس لە بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی لەنێو زەحمەتی و دۆخی سەختی چیادا دەکات، لەلایەن ئەحمەد بەرزنجی ئاوازی بۆ دانراوە و کراوە بە گۆرانی، موشتاق فەیزایایی کاری میوزیکی بۆ کردووە.
کەژاڵ نوری مەلەک کێیە؟
کەژاڵ نوری مەلەک، لە یەکی ئاداری ١٩٧٠ لە گوندی کوێرەک لە بناری بەمۆی سەر بەشارۆچکەی دەربەندیخان لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٩١دا لە دوای قۆناغی ئامادەیی لەبەر خراپی باری ئابووری دەستبەرداری خوێندنەکەی بووە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی سەرەتا لە چەندین ڕێکخراوی حزبی و ئۆرگانی حزبی و ژنان هەتا ساڵی ١٩٩٤ کاری کردووە.
کەژاڵ نوری مەلەک، لە ساڵی ١٩٨٨ دەستی بە هۆنراوە نووسین کردووە و لە دەیان کۆڕ و سیمینار لە باشووری کوردستان، هۆڵەندا، فەرەنسادا بەشداری کردووە، ساڵی ٢٠١٣دا هۆنراوەی “ئەگەر لە پاریس ئەژیام”ی بڵاوکردەوە، کە بۆ کۆمەڵکوژی پاریس و شەهیدکردنی سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد بە ناوەکانی، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز نووسی و دەنگدانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.
دەقی دواین بەرهەمی کە بۆ گەریلاکانی ئازادیی نووسیویەتی:
ماڵ لە چیا، سەرین لە بەرد، شیوو لە سەهۆڵ
جل لە گەڵا. ژوور لە ئەشکەوت، دۆشەک لە خۆڵ
پێخەف لە با، خەون ئازادیی، سەرمایەتان یەک پشتەکۆڵ
ناو گەرێلا، ناسنامە کورد، جبەخانە هێزی باسکە و قۆڵ
ـــــــــــــــــــــ
پیشەتان بەرگری ڕەوا، ناوبانگتان چەلەنگ و عەگید
برینی خاک ئەدەن بە شانا و، هەر بە پێوە ئەبن شەهید
وەک پەروانە تەمەن کورت و میوانێکی سەرپێی ژیان
بێ هیچ سەودا و مامەڵەیەک. بە نیشتمان دەبەخشن گیان
ماڵ لە چیا، سەرین لە بەرد، شیوو لە سەهۆڵ
جل لە گەڵا، ژوور لە ئەشکەوت، دۆشەک لە خۆڵ
پێخەف لە با، خەون ئازادیی، سەرمایەتان یەک پشتەکۆڵ
ناو گەرێلا، ناسنامە کورد، جبەخانە هێزی باسکە و قۆڵ.
ش. ئـ