گروپی کچانی کوردستان پەیامی ئاشتیی بڵاودەکەنەوە

گروپی کچانی کوردستان بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیی و بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان گوڵی سپیی دەبەخشنەوە.


سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ گروپی کچانی کورخستان ( kurdstan women Network)  بە جلی سپییەوە لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی گوڵی سپییان بەسەر ڕێبواراندا دابەشکرد و خۆیان پێناساندن، هەروەها ئامانجی گروپەکەیان بۆ ڕوون دەکردنەوە.

ڕێبوارانیش بە دڵخۆشییەوە گوڵەکانیان لێوەردەگرتن و گوێیان بۆ پەیامەکەیان ڕادەدێرا.

ئەو گروپە لە ٦٠ بۆ ٧٠ ژنی گەنج پێکهاتووە و زۆربەیان پێشتر لەناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییدا کاریان کردووە، بەڵام بۆ یەکگرتنی هێزی ژنان و هەستکردن بە نادیدەکردنی تواناکانی ژنان، بڕیاریاندا لە گروپێکدا کۆببنەوە و هێزی ژن نیشاندەن، وەک خۆشیان باسیانکرد، لۆگۆکەشیان هێمایە بۆ هێزی ژنان.

هەر بە وتەی خۆیان گروپەکەیان سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسیی نییە و بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانیشیان هاوکاریی لە کۆمپانیاکان وەردەگرن، بەڵام خۆیان خۆبەخشانە کاردەکەن.

ئەمە دووەمین چالاکیی ئەو گروپەیە و لە یەکەمین چالاکییاندا، کە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە ئەنجامیانداوە، گوڵی سپییان بە لایەنە سیاسییەکان بەخشیوە.

Image may contain: 4 people, people smiling, people sitting and table

ئامانجی گروپەکە، زیادکردنی تواناکانی ژنانی گەنج، بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیی، بەدەستهێنانی یەکسانیی ڕەگەزیی،  بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا و کەمکردنەوەی توندوتیژییە.

هەروەها، گروپەکە زیاتر گرنگیی بە ژنان دەدات و لە ڕێگای کردنەوەی پێشانگا و چالاکیی جۆربەجۆرەوە هەوڵی ناساندن و خستنەڕووی بەرهەمەکانی ژنانی خاوەن کار و بەهرە دەدات، وەک خۆیان باسیانکرد دەیانەوێت هاوکارییەکانیان لە ژنەوە بۆ ژن بێت.

گروپەکە هەڵبژاردنی چالاکیی بەخشینەوەی گوڵی سپیی گەڕاندەوە بۆ پێکهێنانی یەکێک لە ئامانجەکانیان، کە پەیامی ئاشتییە، بەتایبەت لە ئێستادا، کە بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە کەشێکی ئاڵۆز دروستبووە لە هەرێمی کوردستان.

لە بەرنامەیاندایە لە داهاتوودا گروپەکەیان فراوانتر بکەن و نەک تەنیا سلێمانی، بەڵکو چالاکییەکانیان ببەنە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گەورە.

ئەندامانی گروپەکە، داوایان کرد، ژنانی زیاتر پەیوەندییان پێوە بکەن و ببنە ئەندامی گروپەکە، بە نیازن دەستەی بەڕێوبەرییشیان فراوان بکەن، کە ئێستا لە هەشت کەس پێکهاتووە.

 

ب.ل