گفتوگۆیەكی كراوە لەبارەی رێگرییەكان لەبەردەم ژنانی ڕاگەیاندكار کرا

لە هەولێر پرسی ڕێگری و ئاستەنگەكانی بەردەم ژنانی ڕاگەیاندكار لە گفتوگۆیەکی کراوەدا خرایە بەرباس، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتی ئافرەتانیش دەڵێت: پێویستە كۆمەڵگا هۆشیار بكرێتەوە كە توانانی ژنان لە پیاوان کەمتر نییە و دەبێت ژنانیش ڕۆڵی كارایان هەبێت لە بواری ڕاگەیاندن و بڕیارداندا.


ئەمڕۆ لە بارەگای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە شاری هەولێر، بەبەشداری ژماریەك لە  نوێنەری دەزگاكانی ڕاگەیاندن كێشەكانی بەردەم ڕاگەیاندكاری ژن گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

پێشتر یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە كۆنفراسێکی تایبەت بەپرسی بەشداریكردنی ژنان لە نێو میدیا ئەنجامدا و كۆمەڵێك ڕاسپاردەی وەرگرت.

ناسك سەعید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمڕۆ لەم گفتوگۆیەماندا یەكەم هەنگاوی جێبەجێكردنی ڕاسپاردەكانمان دەستپێكرد و ئەو كێشەو گرفتانەمان دەستنیشان كرد كە بوونەتە هۆكاری سەرەكی بۆ بەشداری نەكردنی ژنان لە ناوەندەكانی بڕیار و هاتنە ناو كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "لە گفوگۆکاندا بۆمان دەركەوتووە كە هێشتا كۆمەڵگای كوردی پێویستی بە هۆشیاری زیاترە بۆ ئەوەی بڕوای لا دروست بێت كە ژنان ڕۆڵی كاراتر دەگێڕن لە پرسی بڕیاردان لە نێو سیاسەت و ناوەندەكانی میدیا لە هەرێمی كوردستاندا.

 ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئافرەتان ڕاشیگەیاند، لە داهاتوودا كاری زیاتر لەسەر پرسی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن ڕێژەی بەشداری ژنان لە ناوەندەكانی میدیا و بڕیاردان زیاتر بكەن. 

بە گوێرەی ئەو ڕووپێوییەی لە كۆنفراسەكەدا خرایەڕوو زۆرینەی میدیاكانی باشوری كوردستان پشت بە پیاو دەبەستن و ڕێژەی بوونی ژنان لەنێوان ١٠٪ بۆ ٢٠٪ ـدایە.

ک.س