گفتوگۆ لە بارەی بەشداری ژنان لە هێزە ئەمنییەكاندا دەکرێت

لە شاری كەركوك گفتوگۆ لە بارەی بەشداریكردنی ژنان دەكرێت لە دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك، ئەندامێكی كۆمەڵەی هیوای عێراقیش دەڵێت: هەوڵەكەنمان چڕ كردوەتەوە بۆ بەشداری ژنان لە ناو ڕێزەكانی پۆلیسدا.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆمەڵەی هیوای عێراقی لە شاری كەركوك، بە هاوكاری كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ و ڕێكخراوی pax هۆڵەندی گفتوگۆیەكی كراوەی دەربارەی بەشداری كردنی ژنان لە هێزە ئەمنیەكان لە هۆڵی نوسینگەی كەركوكی مافەكانی مرۆڤ ڕٍێكخست.

بە ئامادەبوونی كەسانی یاسایی و چالاكوانانی ژنان و مامۆستایانی ئاینی، گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی ئەو پرسە کرا و ئامادەبووان باسیان لە گرنگی بەشداریكردنی ژنان كرد لە لایەنی ئەمنی شارەكە.

دنیا حوسێن، ئەندامی كۆمەڵەی هیوای عێراقی لە كەركوك، لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوز-ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ گفتوگۆی وردمان كرد دەربارەی بەشداریكردنی ژنان لە لایەنی ئەمنی شارەكە بە تایبەت لە ڕیزی هێزەكانی پۆلیس، زۆر جار كە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەكرێت ئەفسەر یاخو لێكۆڵەری پیاو ناتوانن بە وردی كێشەكان بزانێت وە ژنانیش هەموو كێشەك بۆ پیاوان باس ناكەن، بۆیە ئەگەر ژنان وەك ئەفسەر لێكۆڵینەوە بكەن لەوانەیە دۆخێكی تر بێت، بۆیە ئێمە بە گرنگیەوە لەو بابەتە دەڕوانین و وە هەموو هەوڵێك دەدەین تا ئەوەی ژن لە ڕیزی پۆلیس دابمەزرێنین".

دەشڵێت: "بە پێی یاسا ژنان دەبێت هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت لە تەواوی دامودەزگاكانی عێراق، بۆیە ئێمە بە پێی یاسا كار بۆ ئەو بابەتە دەكەین".

ک.س