گەرمیان و سەیدسادق یادی شەهیدانی پاریس'یان بەرز ڕاگرت

لە ساڵیادی تیرۆرکردنی سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد لە پاریس، لە شارۆچکەی سەیدسادق و کەلار، ژنان دوو چالاکییان بەڕێوەبرد، تێیدا ڕیانگەیاند، بەردەوام دەبن لەبەرەنگاربونەوەی داگیركاری هەموو جۆرە توندوتیژیی و كۆمەڵكوژییەكانی سەر ژنان.


لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدانی پاریس 'ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لە پارکی شەهید لەیلا قاسم لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و ناوبازاڕی شارۆچکەی سەیدسادق'ی سەربە پارێزگای سلێمانیی، چالاکییان بەڕێوەبرد و یادی ئەو شەهیدانەیان بەرز ڕاگرت.

لە چالاکییەکەی کەلاردا، ژنان ڕایانگەیاند، ژنانی شەهید و پێشەنگ لە هەر شوێنێکی جیاوازبن و خاوەن فکری جیاوازبووبن، هەموویان یەک ئامانجیان هەبووە، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی تەواوی زیهنیەتی پیاوسالاریی، کۆیلایەتی و داگیرکارییە.

هەر لەو چالاکییەدا، باس لە کەسایەتی شەهیدانی پاریس بۆ ژنانی ئامادەبوو کرا، کە چۆن لە خەباتی ئازادییدا جێگای خۆی گرتووەو لەو پێناوەدا تا شەهیدبوون لە تێکۆشاندابوون، هەروەها ساکینە جانسز وەک نمونەی ژنانی شۆڕشگێڕی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێناسەکرا.

هەروەها لە سەیدسادق ژنان بەیەکدەنگ دروشمی، "ژن ژیان ئازادی، ژنانی شۆڕش بەچالاكیەكانیان مەشخەڵیان داگیرساند و بەشەهید بونیشیان شۆڕشیان بەرپاكرد"ـیان دەوتەوە. بەرزكردەوە.

خەزان عەلی بەیاننامەی ڕێكخراوی 'ڕژاک'ی خوێندەوە، تێیدا هاتبوو: ئێمە پێمان وایە بەرهەمی ئەم ژنە شۆڕشگێڕانە بوو بە گەورەترین هێزی دینامیك لەكۆمەڵگەدا، ئەوەتا لە كوردستان شۆڕشی ژنان گەورەترین ڕۆڵ دەگیێڕن بۆ پێشەنگایەتی كردنی هەموو جیهان.

لەو بەیاننەمەدا ئاماژە بەوەشدرابوو، وەك ڕێكخراویی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان، بەردەوام دەبن لەبەرەنگاربونەوەی داگیركاری هەموو جۆرە توندوتیژیی و كۆمەڵكوژییەكانی سەر ژنان، "پەیمان بۆ شەهیدان دوپات دەكەینەوە كەهەڵگری ئەو مەشخەڵانە بین كەشەهیدان دایانگیرساندوە هەتا سەركەوتنی شۆڕشی ژنان".

س.ح