گەرمیان، ژنێکی دیکە چووە ڕیزی مانگرتوانەوە

لە شارۆچکەی کەلار، ڕوناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی، بۆ پاڵپشتیکردن لە چالاکی مانگرتنی هەریەک لە هەرێم مەرحمود و شەیما عەدنان، دژ بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان، بۆماوەی هەفتەیەک مانگرتنی ڕاگەیاند.


ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕوناک مەجید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان و لەدایکبووی شارۆچکەی دوزخورماتوو، سەردانی هەردوو چالاکوانانی مانگرتوو هەرێم مەحمود و شەیما عەدنان-ی کرد، بۆ پاڵپشتیکردنیشیان بۆ ماوەی هەفتەیەک مانگرتنی ڕاگەیاند.

ڕوناک مەجید سەبارەت بە چالاکییەکەی و ئامانجی خۆی بۆ ڕۆژنیوز وتی: وەکوو ژنێکی لەدایکبووی خورماتوو، بۆ پاڵپشتیکردن و پێدانی ورە بە چالاکی مانگرتنی هەرێم مەحمود و شەیما عەدنان، هەروەها لەسەر خەباتی لەیلا گۆڤەن، کە خەباتێکی تەواو مەدەنییە بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلان ڕێبەر ئۆجالان، بۆ ماوەی هەفتەیەک مانگرتنم ڕاگەیاند، چونکە دەزانین ئامانج لەو گۆشەگیرییە ڕێبەندکردنی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە بۆ گەلانی بندەست، کە ڕێگەچارەسەرییە بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نمونەی ئەو فکر و فەلسەفەیەش ئەو سیستمە پێکەوەژیانییەیە، کە لە ڕۆژئاوای کوردستان  بە کرداری ئاواکراوە.

ڕوناک مەجید، بانگەوازی لە کۆمەڵگا کرد و وتی: داوا لە تەواوی کۆمەڵگای باشوری کوردستان و هەموو گەلان دەکەین، کە بەشداری لەم چالاکییەدا بکەن، ئەوەشی کە توانای مانگرتنی نییە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی نیشانبدات، من ئەمڕۆ وەکوو ژنێک لە ناوجەرگەی گەرمیانەوە، کە جێگەی پێکەوەژیانی گەلانە، هێز و ورەی خۆم لە هەردوو هەڤاڵی مانگرتوو دەگرم و بۆ ماوەی هەفتەیەک مانگرتن بەردەوامدەکەم و لە داهاتووشدا بۆ ماوەی درێژتر ڕایدەگەیەنم.  

هەرێم مەرحمود ماوەی ١٩ ڕۆژە مانگرتنی بێسنووری دەستپێکردووە و شەیما عەدنان-یش ماوەی ١٢ڕۆژە تا مانگێک مانگرتنی ڕاگەیاندووە، ئەوەش لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان.


ک.ک