لە سلێمانی کۆڕێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد ئەنجامدرا، کە دوو ساڵ پێش ئێستا لە بۆردوومانێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئۆفیسی نوێنەرایەتیی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە لە شاری سلێمانی، کۆڕێک بۆ یادکردنەوەی سێ ژنە تێکۆشەری کورد دایکی ئامینە وەیسی، زەهرا بەرکەس و هەبوون مەلا خەلیل ڕێکخرا، کە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە بۆردوومانێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەونی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهیدبوون.
لە کۆڕەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەشدارببوون، تێیدا لێمان شەویش، نوێنەری کۆنگرە ستار لە باشووری کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: لە دووەمین ساڵیادی ئەو ژنە شۆڕشگێڕانەدا ئێمە یادیان بەرز ڕادەگرین، ئەوان لە شەڕێکی زۆر سەختی داعش دەرباز ببوون، بێ دوو دڵیی تێکۆشانیان دەکرد، بۆ ئازادیی کۆمەڵگە و ژنان، دایکە ئامینە هەمیشە خۆی پێش دەخست لە ناو شەڕدا، هەتا ئاستی شەهید بوون، هەڤاڵانی ئێمە لەسەر بنەمای قبوڵنەکردنی سیستەمی سەرمایەداریی و پیاوسالاریی خەبات و تێکۆشانی زۆر گەورەیان ئەنجامدا، ئەرکی ئێمەش بەردەوامییدانە بە ڕێبازەکەیان.
دواتر لەلایەن دایکانی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە مۆم لە بەردەم وێنەی هەر سێ ژنە شەهید داگیرسێندرا، هەروەها دۆکیۆمێنتارییەکیش لەسەر ژیان و تێکۆشانی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە پیشاندرا.
ب.ل