یەژەجەرە: دژی زیهنییەتی پیاوسالاریی و سیستمی دەوڵەت نەتەوە دەوەستینەوە

یەکێتی ژنانی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژەدان بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ڕایگەیاندووە کە، دژی زیهنییەتی پیاوسالاری و سیستمی دەوڵەت نەتەوە دەوەستنەوە و تۆڵەی ئەو ژنانەی کوژراون دەکەنەوە.


ئەمڕۆ یەکێتی ژنانی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەژەجەرە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دوای ئاماژەدان بە دروستبوونی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان هاتووە: وەک ژنانی شۆڕشگێڕ پێش هەموو شتێک سیستمی پیاوسالاری، زۆرداری و دەستدرێژیکار و هەموو دامەزراوەکانی لە سەرویانەوە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە ڕەتدەکەینەوە و دژیان دەوەستینەوە، چونکە ئەو سیستمە بە زیهنییەتی رەگەزپەرەستی و نەژادپەرەستی، کێشەکانی ژنان چارەسەر ناکات و بەپێچەوانەوە قووڵتریان دەکاتەوە، لە ماڵدا، باوک، برا و پیاو، لە شەقامدا پۆلیس، لە زینداندا پاسەوانەکان، ژنانیان گەمارۆ داوە و توندوتیژیی بووەتە بەشێک لە ژیانی ژنان.

لە بەشێکی دیکە هاتووە: دەوڵەتەکان دەسەڵاتی خۆیان بە مشەخۆریی ژنان و کۆمەڵگا پێکدێنن، بۆ ژنان نەئازادیی ساختەی ئەوروپا و سیستمی سەرمایەدار و لیبرالیزم و نە ڕژێمە سەرکوتکەرەکانیش، هیوای ئازادیی نیین، هیوای ڕزگاریی و ئازادی هەموو ژنانی جیهان لەدژی دەسەڵاتداری پیاو، پێشخستنی پاراستنی جەوهەرییە، تێکۆشانی ژنانی کورد لە هەموو جیهان دەنگی داوەتەوە و هەر ژنێکی گەنج دەتوانێت ڕوو لە ڕیزەکانی ئازادیی بکات، تێکۆشان بە یەکبوونی ژنان بەرز دەبێتەوە و سەردەکەوێت.

لە کۆتاییشدا هاتووە: وەک یەکێتی ژنانی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرویانەوە ئەو ژنانەی لە ڕۆژئاوا، شەنگال، باکوری کوردستان و ئێران لەکاتی جیاوازدا کوژراون، بەڵێن دەدەین تۆڵەیان بکەینەوە، شەهید ئامارا و هەڤرین خەلەف بە ڕێزداری و خۆشەویستی بەبیر دێنینەوە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوە نوێ دەکەینەوە.

ش.ف