یەکێتى و پارتى بە توندى بەرامبەر یەک دەدوێن

كادێرێكی پێشكەوتووی پ-د-ک، ڕایدەگەێنێت لەدوای 16 ئۆكتۆبەر ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی كۆتایی هاتووە، كادیرێكی یەكێتیش دەڵێت: یەکێتى ئيتر بەناوى یەکڕیزى نیشتیمانییەوە قوربانى بە حزب نادات.


لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر پشكی ى-ن-ك،تادێت پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی ئالۆزتر دەبێت، لە تازە ترین پێشهاتیشداجێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت چاو بە پەیوەندیەكانی ڕابردوومان لەگەڵ یەكێتی دەخشێنینەوە.

عەلی فەیلی كادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پەیوەندیەكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی، بە ڕۆژنیوزى وت:"لەدوای 16 ئۆكتۆبەر ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی كۆتایی هاتووە، چونكە بەشێك لە سەركردەكانی نێو یەكێتی پابەندی ئەو ڕێككەوتنامەیە نەبوون".

ناوبراو وتیشى:"لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح، بە سەرۆك كۆماری عێراق، هەڵوێستەكانی پارتی توندتر دەبێتەوە بەرامبەر بە یەكێتی".

لە بەرامبەردا، شادومان مەلا حەسەن، كادیری پێشكەوتوویى ى-ن-ك، پێی وایە تاوەكو ئێستا سیستەمی دوو ئیدارەی لەنێوان هەولێر و سلێمانی بوونی هەیە، دەڵێت: یەكێتی نشتیمانی كوردستان، دەیەوێت لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان كاری جدی لەسەر ئەوە بكات، كە چیتر سیتەمی دوو ئیدارەی نەمێنێت حكومەت بۆ هەموو حزب و لایەنێك و هاوڵاتیەك وەك یەك بێت.

 

هەوەرها وتیشی: نابێت چیتر وەزیر و كاربەردەستانی حكومەت گەر بە دڵی پارتی نەبێت ڕەوانەی ماڵەوە بكرێت، یان لە كارەكانی دوور بخرێتەوە، هەورەها دەمانەوێت حكومەتێكی بە هێز و نشتیمانی هەبێت و چیتر بە نێوی یەكڕیزی نشتیمانی وكوردایەتی حزبەكەمان ناكەینە قوربانی، چونكە لە ڕابردوو قوربانی زۆرمان لەو پێناوە داوە و باچەكەشمان وەرگرتووەتەوە.

د.ع