یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا گەمارۆ بخاتەسەر دەوڵەتی تورک

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەیان بەوەداوە، کە کردەوەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی گازی سرووشتیی لە مەیدانەکانی قوبرس نایاساییە و دەنگیان داوە کە گەمارۆی بخرێتە سەر.


لە دانیشتنی دوێنێ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەندامان دەنگیان بەوە داوە کە گەمارۆ بخرێتە سەر دەوڵەتی تورک، چونکە کردەوەکانی بۆ دۆزینەوەی گازی سرووشتیی لە دەوروبەری قوبرس پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە.

ئاژانسێکی ئەڵمانی کە بە زمانی تورکیش بابەتەکانی بڵاودەبێتەوە، ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: لەڕاگەیەندراوی بڵاوکراوەی دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هاتووە 'سەرەڕای هەموو ئەو پەیامانەی بە تورکیامان داوە، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە کارەکانی بۆ دۆزینەوەی گازی سرووشتیی لە دەوروبەری قوبرس و ئێمە پێی تووڕەین، بۆیە بڕیارمان داوە کە گەمارۆی بخەینە سەر و ئەم گەمارۆیانەی کە بڕیارە بخرێتەسەر تورکیا لە چوار قۆناغدا جێبەجێی دەکرێت'.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، یەکێتی ئەوروپا پشتیوانییە ماددییەکانی لەسەر تورکیا بۆ ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا دەبڕێت، هەروەها هەڵپەساردنی دانووستانەکان بۆ ئەندامێتی تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا کە پەیوەندییە بازرگانیی و ئابورییەکان دەگرێتەوە، هەڵپەساردنی دیالۆگی سیاسیی لە ئاستی سەرکردەکان، هەڵپەساردنی دانوستانەکانی ئاسمانی-بۆشایی و پێداچوونەوەی بانکی سەرمایەگوزاری ئەوروپا لە پێدانیقەرز بۆ پشتیوانی لە گەشەپێدانی وڵاتی تورکیا.

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوە جەخت لەوە کراوەتەوە، کە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی کردەوەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست، هەندێک کاری دیکەش دژی تورکیا دەخەنە بەرنامەی کاری یەکێتی ئەوروپاوە و گەمارۆ دەخەنە سەر کۆمپانیاکانی چالاک لەو ناوچەیە.

س.ح