یەکەمین چالاکیی ٢٥ی نۆڤەمبەر لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو

لەمیانی سمینارێکدا بۆ بەشێک لە خوێندکارانی ئامادەییەکی کچان لە قەڵادزێ، تیشک خرایە سەر مێژووی ٢٥ی نۆڤەمبەر و ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە جیهان و کوردستان بەتایبەت.


ئەمڕۆ لە خوێندنگای کوێستانی ئامادەیی کچان لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، سیمینارێکی بۆ خوێندکارانی پۆلی ١٠ی وێژەیی بەڕێوەبرد، ئەمەش یەکەمین چالاکیی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژییە، کە لەچوارچێوەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان-دا بەڕێوەدەچێت.

سێوە ئەمین، ئەندامی ڕژاک سمینارەکەی پێشکەش کرد، کە تیایدا تیشکی خستە سەر مێژووی ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و بۆ خوێندکارانی ڕوونکردەوە، کە بۆچی ٢٥ی تشرینی دووەم بۆ ئەو ڕۆژە دەستنیشان کراوە.

سێوە، باسی لە پێشەنگایەتیی ژنان کرد بۆ بەدیهێنانی یەکسانیی و ئازادیی لە جیهاندا و هەروەها، نمونەی پێشەنگایەتیی ژنانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە نمونە هێنایەوە و وتی: خوشکان و دایکانی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشەنگی شۆڕش و بەرخۆدان بوون، نمونە شەهید هەڤرین، دایە عەقیدە و ئامارا کۆبانی یەکێکن لەو پێشەنگانەی کە دژی داگیرکاریی و سیستەمی پیاو سالاریی تێکۆشان و شەهید بوون، بۆیە ئێمە بۆ بەردەوامیی ڕێبازی ئەوان تا کۆتایی درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین.

ئەو ئەندامەی ڕژاک، نیگەرانیی نیشان-دا لەوەی، کە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە گوێبیستی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان دەبین، وتیشی: ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و کۆمەڵگا ئەنجامی دەدەین و دەبێت هەر تاکێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بۆ بەدیهێنانی یەکسانیی و پێکەوەژیان، تا چیتر ژنان نەبنە قوربانیی دەستیی نایەکسانیی و سیستمی پیاوسالاریی.

لە ۲٥ی نۆڤەمبەری ۱۹٦۰ لە وڵاتی کۆماری دۆمینیکان سێ خوشک(خوشکەکانی میڕاباڵ) کە چالاکوانی سیاسی بوون بەفەرمانی ترۆخیوی سەرۆک کۆماری دۆمینیکان کوژران، لە ساڵی ۱۹٨۱ چالاکوانان ئەو ڕۆژەیان دیاری کردووە بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و لە ساڵی ۱۹۹۹ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕۆژەیان بەفەرمی کردووە بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان.

ش.ف