یەکەم دانیشتنی دادگایی کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو

یەکەمین دانیشتنی دادگایی کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو، کەسوکارەکەشی داوای دەرکردنی سزای لە سێدارەدان بۆ تاوانباری کەیسەکە دەکەن.


ئەمڕۆ یەکەمین دادگایی کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی لە دادگای سلێمانی بە ئامادەبوونی تۆمەتبار و بنەماڵەی سێوان قادر بەڕێوەچوو.

لە یەکەمین دانیشتنی دادگای کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی، جگە لە بنەماڵە و کەسوکاری سێوان، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان و هاوڵاتیان ئامادە بوون، کە سەرەتای دادگاییەکە بە وەرگرتنی وتەی دایک و باوک و برای سێوان قادر بوو.

لە دانیشتنەکەدا شایەتحاڵان باسی ژیان و خراپبوونی پەیوەندی نێوان سێوان و هاوسەرەکەیان کرد، کە سێوان سەرەتای ژیانی بە شێوەیەکی ئاسایی وەک زۆرێک لە هاوسەرەکانی دیکە تێپەڕیوە، بەڵام دواتر کێشەکانیان سەری هەڵداوە و چەندین جار ڕووبەڕووی توندوتیژیی بووەتەوە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا و دەیان جار هەڕەشەی کوشتن لە سێوان کراوە، تا ڕۆژی ١٦ی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو لە ماڵەکەیدا "سێوان و سێ منداڵەکەی لارین، دارین و دەروون، دەسووتێنرێت".

دوای تەواو بوونی دادگایی یەکەم و دواخستنی دادگایی دووەم بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە لایەن پارێزەر و برا و باوکی سێوان قادر، بە بەشداری ژنانی چالاکوان و بەرزکردنەوەی دروشمەکانی'تەنها سزای لەسێدارەدان شایەنی بکوژانی سێوەخان و سێ پەپوولەکەیتی'،'دادگایی کردنی دادپەروەرانە خواستی ئێمەیە' بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، کۆساڵان حەمە موراد پارێزەری کەیسی سێوان و منداڵەکانی، وتی: بە تێر و تەسەلی گوێمان لێگیراوە و هەرچەندە چەند دانیشتنێکی ماوە، بەڵام تا ئێستا ئێمە دادگاییەکە زۆر بە یاسایی دەبینین و دادگایی دووەم ئەگەری هەیە نزیکەی بیست ڕۆژی دیکە ئەنجام بدرێت".

دەربارەی دواکەوتنی دادگایی و بەدواداچوونی ئەم کەیسە، وتی: دواکەوتنی ئەم کەیسە پەیوەندی بە چەند شتێکەوە بووە، کە یەکێک لەوانە تەمیزە و ماوەیەک لەوێ دوادەکەوێت و خاڵێکی دیکەش ئێمە داوای گواستنەوەی کەیسەکەمان کرد بۆ دادگای سلێمانی بۆیە زۆری پێچوو، وە بڵاوبوونەوەی ئەوە گرتە دیمەنانە لە لایەن پەرلەمانتارێکەوە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە، چونکە کەیسەکە ڕوون بووە.

شوانە قادر برای سێوان و یەکێک لەو کەسانەی کە شایەتی لە دادگا دا، لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی خەڵک و دادوەری کرد و، وتی: دادوەر زۆر بێلایەنانە وتەکانی وەرگرتین و هیوادارین لە دانیشتنەکانی دیکە دادوەر بە هەمان شێوازی ئێستا بڕواتە پێشەوە.

شوانە ئەوەشی وت: تەنیا سزای شایستە بۆ تاوانبار لەسێدارەدانە و ئێمە لەوە زیاتر بە هیچ شتێکی دیکە ڕازین نابین.

ڕۆژی ١٦-١٢-٢٠١٨، له ‌گه‌ڕه‌كی ئاسوده‌ی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ-ی سەر بە پاریزگای سلێمانی، دایكێكی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی سێوان قادر و هەر سێ منداڵەکەی بەناوەکانی لارین دیار، ته‌مه‌ن دوو ساڵ و دارین دیار ته‌مه‌ن پێنج ساڵ و ده‌رون دیار ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵ، لە ماڵەکەی خۆیاندا سوتان و به‌هۆی ڕووداوه‌كه‌وه‌ هه‌رسێ منداڵه‌كە ڕاستەوخۆ گیانیان له‌ده‌ستدا و دایکەکەش بەڕێژەی ٩٠٪ سوتا و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سوتاویی لە سلێمانی کرا، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌که‌یه‌وه‌ سێوان به‌ره‌به‌یانی‌ ڕۆژی ٢٤-١٢-٢٠١٨ له‌ نه‌خۆشخانه‌  گیانی له‌ده‌ستدا، دواتر هاوسەرەکەی بە ئەنجامدەری ئەم تاوانە تۆمەتبارکرا.

س.ح