ڕۆژنیوز – بەغداد
پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان بەڕێوەچوو تێیدا باس لەوەکرا، کۆمەڵکوژی ژنان و ئاوارەبوونی گەلی ئێزدی و کشانەوەی هێزەکان لە پاراستنی شەنگال شەرمەزاریی بوو بۆ عێراق و هێزە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها داواکرا دەنگی ئێزیدییەکان بەرزبکرێتەوە بۆ کۆمکاری عەرەبیی و جیهان.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژنانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی قڕکردنی ژنان و بەتایبەتی ژنانی ئێزیدیی بە دروشمی “بە ئیرادەی ژنانی ئازاد بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە” لە هۆتێل بەغداد لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق بەڕێوەدەچێت و بڕیارە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت و پێنج پانێڵ لەخۆ دەگرێت.
پانێڵی یەکەم بە ناونیشانی “ئێزدی، ئەو گەلەی کە دووچاری یەکەم جینۆساید بووە لە سەدەی بیست و یەکدا” بەڕێوەچوو، تێیدا سێ کەس قسەیانکرد.
سەرەتا ئایسەل ئاڤێستا، ڕۆژنامەنووس قسەیکرد و وتی: ئامانجی داعش لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا شەنگال وێرانکرا و هەزاران کەس کوژران و ڕفێندران و ژنان بە کۆیلە کران و لەناو بازاڕەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا، دوای ئەو کۆمەڵکوژییە لە ماوەیەکی کەمدا یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال-یەژەشە و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال دامەزران و پارێزگارییان لە شەنگال کرد، تەڤگەری ئازادیی ژنانی شەنگال و پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدییەکان-پادێ دامەزرا و ڕێکخستن و پاراستنی شەنگال کرا و ژنان خۆیان بەڕێکخستن کرد.
دواتر ماجدە هاتوو هاشم، نووسەر و مامۆستای زانکۆی بەغدا قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا، کۆمەڵکوژیی تەنها کوشتن نییە، بەڵکوو هەموو جۆرەکانی لەناوبردنی زمان، شووناس، کەلتووریی و هونەریی و تووندوتیژیی و دەستدرێژی دەبنە کۆمەڵکوژیی، کوشتن و ئاوارەکردنی ئێزدییەکان دڕندانەترین کۆمەڵكوژییە کە هیچ بیانوویەکی نییە و خراپترین کۆیلەکردنی دژی ژنانی ئێزیدیی بەڕێوەچووە.
ماجیدە وتیشی: ئەنجامدانی ئەم تاوانە لە سەدەی ٢١دا شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتیی، کۆمەڵکوژیی ژنان و ئاوارەبوونی گەلی ئێزدیی و کشانەوەی هێزەکان لە پاراستنی شەنگال شەرمەزاریی بوو بۆ عێراق و هێزە نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئەم سەردەمە سەردەمی جەهالەت نییە، بەڵام کۆیلەکردن و دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر ژنان ڕوویدا، پێویستە لەم کۆنفرانسەدا و لە داهاتووشدا کاربکەین تا دەنگی خۆمان و داواکارییەکانمان بگەیەنینە کۆمکاری عەرەبیی و وەزارەتە جیاوازەکان، تا دۆخی شەنگال و ژنانی شەنگال بەرەو باشتر ببەین و ئەو کۆمەڵکوژییە بە جینۆساید بناسێنرێت.
لە کۆتاییشدا لالە ئازاد، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لەبری باربارا سپینێلی، پارێزەر و ئەندامی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ژنان، قسەیکرد، کە خۆی بەهۆی کێشەی ڕێگەوە نەیتوانی بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکات و وتی: سەرەڕای واژۆکردنی پەیماننامەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام عێراق و ئێران و تورکیا پێشێلی پەیماننامەکە دەکەن و گەلی ئێزیدییان لە کۆمەڵكوژی نەپاراست بەڵکو بوون بە بەشێک لە پلانگێڕییەکانی سەر ئێزیدییەکان.
لالە ئازاد وتیشی: لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییەوە، ژنان خۆیان ڕێکخست و خۆیان پیشانی جیهاندا، کە خۆیان دەپارێزن و هێزی یەژەشەیان دامەزراند و بەرخۆدانی و پاراستنی شەنگال و ژنانیان گرتە ئەستۆ، ئەوەش لەسەر بنەمای فکر و تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلان.
لە ئێستاشدا پانێڵی دووەمی کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی “قۆناغی هێرشەکانی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ و هەوڵدان بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوە لە ژێر خۆڵەمێشدا”، بەڕێوەدەچێت.
ب.ل