یەک بەڕێوبەری ژنی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی هەبوو ئەویش دوورخرایەوە

لەناو بەڕێوبەرایەتییەکانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، تەنیا بەڕێوەبەرێکی ژن هەبوو ئەویش لەکار دوورخرایەوە و پیاوێک لە شوێنەکەی دانرا.


لە هەرێمی کوردستان لە کۆی شەش بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، تەنیا یەک بەڕێوبەرایەتیی لەلایەن ژنەوە بەڕێوەدەبرا، ئەویش بەڕێوبەرایەتیی گەرمیان بوون، بەڵام بە فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکار دوورخرایەوە.

فەرمانی دوورخستنەوەی لەمیعە محەمەد، ڕۆژی ٢٠/کانوونی یەکەم/٢٠١٨  دەرچووە و ڕۆژی ٢٢/کانوونی یەکەم لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانەوە بە  لەمیعە ڕاگەیەندراوە، بەڵام هەتا ئێستا فەرمانەکە بە نووسراو نەگەشتووەتە دەستی.

بۆ پڕکردنەوەی شوێنی لەمیعە محەمەد، ئەحمەد نووری، بەڕێوبەری گرتن و گواستنەوەی گەرمیان دەستنیشان کراوە و بە لەمیعەش وتراوە، کە دەگوازرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، بێ ئەوەی ئەرکەکەی دیار بکرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت، لە سەرەتای ساڵی نوێدا، فەرمانەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەمیعە محەمەد، لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنیوز تەواوی زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و ئاشکراشیکرد، کە "به‌ فشاری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ بڕیارێكی تاكه‌ كه‌سیی لە کارەکەی دوورخراوەتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوورخستنەوەی لەمیعە محەمەد، پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە له‌کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-دا، بانگەشەی بۆ کاندیدێکی سنووری مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کردووە، کە بە دڵی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان نەبووە، بۆیه‌ "له‌و كاته‌وه‌ ڕقی لێ هه‌ڵگرتووە و بۆ لابردنی کەوتووەتە هەوڵدانەوە، تاکو سەرئەنجام هەوڵەکانی سەری گرت و وەزارەتی ناوخۆ فەرمانەکەی دەرکرد".

هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانە، بەڕێوبەری گشتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی توندوتیژیی دژ بە ژنان لەسەر ئەو بابەتە چووتە سەر خەت و له‌گه‌ڵ سه‌ر په‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان قسه‌ی كردووه‌، بەڵام نەیتوانیوە لە هەوڵەکانی پاشگەزی بکاتەوە.

لەمیعە محەمەد، نیگەرانە لە دوورخستنەوەی و پێیوایە، کە لە وەزارەتی ناوخۆ کەسێکی دیکە نییە بتوانێت ڕۆڵی ئەو ببینێت و وتیشی:"ئەوەی لای ئەوان گرنگه‌ دووخرخستنەوەی منە، ئیدی لە خەمی ژناندا نین".

لەبارەی دیارییکردنی پیاوێک بۆ شوێنگرەوەی و کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی توندوتیژیی لە سنوورەکەدا، ناوبراو جەختیکردەوە، کە بەڕێوبەرێکی پیاو ناتوانێت وەک ژنێک دژی توندوتیژییەکان بووەستێتەوە، هه‌روه‌ها ژنان ناتوانن سكاڵاكانیان ببه‌نە لای پیاوێك باسی بكه‌ن، چونكه‌ وەک ئەو باسیکرد، گه‌رمیان به‌هۆی زاڵبوونی داب ونه‌ریته‌وه‌ جیاوازه‌ له‌شوێنه‌كانی تر، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی زیاد بوونی توندوتیژیی دژ به‌ ژنان.

بەڕێوبەرە دوورخراوەکەی بەڕێبورایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە گەرمیان، پێشیوایە، کە دەسەڵات بەو بڕیارە توندوتیژیی بەرامبەر تەواوی ژنانی گەرمیان و ڕیکخراوەکانی ژنان ئەنجامداوە، کە پێشتر کاری پێکەوەییان کردووە.

بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ساڵی ٢٠٠٧ دروستکراوە، لە شەش بەڕێوبەرایەتیی و ٢٨ نووسینگە پێکدێن.

بەدوورخستنەوەی لەمیعە محەمەد، جگە لە کوردە عومەر، کە بەڕێوبەری گشتییە، سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی دیکە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێن.

نووسینەگەکانیش بە هامەن شێوە لە کۆی ٢٨ نووسینگە تەنیا دوو نووسینگەیان لەلایەن ژنانەوە سەرپەشتیی دەکرێن، کە نووسینگەکانی سۆران و دۆمیز- ە، لە ساڵانی ڕابردوو نووسینگەی خانەقین-یش لەلایەن ژنێکەوە سەرپەرشتیی دەکرا، بەڵام ئەو نووسینگەیە بەهۆی نەبوونی پۆلیسی پاسەوان-ەوە هەڵوەشێندرایەوە و ژمارەی نووسینگەکان لە ٢٩-ەوە بوو بە ٢٨ نووسینگە.

ش.ف