لەناو گەرمای تاقەت پڕوکێنی هاویندا، مێرگی سەقەر هێشتا سەوزی پۆشیوە و کەشێکی بەهارانەی هەیە، بینینی جوانی و سەرنج ڕاکێشی سروشتی ناوچەکە و ئاو و کانیاوە سازگارەکانی هێندەی دیکە فێنکایی دەبەخشێتە دەروون و ڕزگارمان دەکات لە گەرمای بەتینی هاوین.
لە دامینی چیای سەقەر کە ٢٠٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزە، لە سێ گۆشەی سنوورە دەستکردەکانی نێوان ئێران، عێراق و تورکیا، لە دوورەوە سەوزایی و پانتایی مێرگی سەقەر، لە دەڤەری برادۆستی سنووری پاریزگای هەولێر، سەرنجی هەموو ئەو کەسانە ڕادەکێشێت کە ڕوو لەو ناوچەیە دەکەن.
ئەگەرچی ئێستا وەرزیی هاوینە و لە زۆربەی ناوچە و شارەکانی هەرێمی کوردستان گژوگیا زەرد بووە و ئاوی کانیاوەکانیش زۆربەیان وشکیان کردووە، بەڵام لە مێرگی سەقەر، هێشتا گژوگیا سەوز و ئاوی کانیاوەکانیش لە دامینی چیاکان بەورشەوە دێتە خوارێ و کەشەکەشی تەواو فینکە، لەپاڵ بینینی ئەم کەڤاڵەدا بوونی کۆچەرییەکان و ئاژەڵەکانیان بەرگێکی قەشەنگتریان کردووە بەبەری سروشتی ناوچەکەدا، کە هەر کەس بەخت یاوەری بێت و مێرگی سەقەر ببینێت مەحاڵە ئارامی بەجەستە و فێنکایی بەدەروونی نەبەخشێت.
کامێرای ڕۆژنیوز، وێنە و دیمەنە ناوازەکانی مێرگی سەقەر، دەخاتە بەر دیدەی بینەران و خوێنەرانی.
ک.س