لە دامێنی بناری هەڵگورد لە دەڤەری برادۆست، سروشتێکی جوان نەخێشنراوە، گۆمەکان لە بناری چیا بەفرینەکاندا هاوشێوەی تابلۆیەک ڕازاونەتەوە، وەرزی هاوین و شەپۆلی گەرما، گەشتیارانی بۆ ئەم ناوچانە ڕاپێچ کردووە، بێرمی دینداران لەپاڵ گۆمی (بێکۆدیان، فێڵاو، کرمە سۆران، بێرمە سارد، چلدار، سەرنشیوە، کۆدۆ) تابلۆیەکی دیکەی پەراوێزخراوی دەڤەرەکانی برادۆست و باڵەکایەتیین و نەتوانراوە سوودی لێوەرگیرێت و لە نەخشەو کەرتی گەشتیاریدا بناسێنرێت.
گۆم یان بێرمی دینداران، نزیکەی سێ هەزار مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، سروشتێکی سیحراوی و تاڕادەیەک ساردی هەیە، مرۆڤ لەگەڵ گەشتکردن بۆ ئەم ناوچەیە و بینینی سروشتەکەی و بۆن و بەرامی گژو گیاو گوڵی ڕەنگاو ڕەنگ، مەست دەبێت.
خوڕەی ئاو، ئاوازی بولبول و خونچە بەیبونەکان لەگەڵ بلوێری شوان و باڕەباڕی مێگەلی ڕەوەندەکان، ئاوێتەی یەکتری دەبن و یەک پارچە تابلۆیەکی کوردەواری جوان دەنەخشێنن.
بەشیک لە هاوڵاتیان بۆ گەشت دێنە ئەم ناوچەیە، هەندێكیان خێمە هەڵدەدەن و بە شەودا دەمێننەوە، بەڵام نەبوونی هێڵەکانی پەیوەندی و خراپی ڕێگاوبانەکەی، کەمتر خەڵکی ڕوو لە شوێنەکە دەکەن.
ئالان خالیس، گەشتیارێکە و لەگەڵ خێزانەکەی لە دەڤەری سۆرانەوە هاتووە بۆ بێرمی دینداران، چادر و خێمەیان هەڵداوە و بە نیازن چەند ڕۆژێک بمێننەوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، وەک ئەوەی ناوچەکە پارچەیەک نەبێت لە خاکی هەرێمی کوردستان، بە تەواوی فەرامۆشکراوە و وای لێ نەکراوە گەشتیار لەم وەرزەدا ڕووی لێ بکات و کەڵکی لێ وەربگرێت.
هەردی هەندرێن-یش وەک گەشتیار ڕووی لەناوچەکە کردووە و ساڵانە لەم وەرزەدا لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی ئەم كوێستانە دەکەن، لەگەڵ هەموو ڕەخنە و گلەییەکانی لە حکومەت کە ناوچەکەی فەرامۆش کردووە، ڕەخنەش لەو گەشتیارانە دەگرێت کە پاشماوە و شوێنەکانی خۆیان پاک ناکەنەوە و هەندێکیشیان پاشماوەکانیان فڕێدەدەنە ناو ئاوەکەوە.
ڕۆستەم عومەر، وەک گەشتیارێکی گەنج لەگەڵ هاوڕێکانی هاتووە بۆ شوێنەکە و داواکارە لە حکومەتی هەرێم ڕێگای ناوچەکە چاک بکات و کارئاسانی بۆ گەشتیاران بکات ڕوو لە ناوچەکە بکە.
برادۆست، شوێنێکی لەبارە بۆ مەبەستی گەشتیاریی و شاخەوانی و خلیسکانێ و یارییە زستانەییە نێودەوڵەتیەکان و هەروەها لەوەڕاندنی ئاژەڵ و مەڕداری، بەڵام زۆربەیان نەخراونەتە ناو پلانی گەشتیاریی و نەخشەی گەشتوگوزارەوە.
ک.س