لە شارەدێی پیرەمەگرون ڕۆژانە دەیان بیر لێدەدرێت، بە وتەی هاوڵاتییەک لەم ماوەیەدا زیاتر لە هەزار بیر لێدراون، شارەوانیی دەڵێت مۆڵەتیان بەکەس نەداوە و دیارە “دەسەڵاتی سەروی ئێمەیان لەپشتە”، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانیش وتی: نایاسایین و بیرهەڵکەنەکانیش بە شێوازێکی مافیایی و نایاسایی کاردەکەن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو، تا کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو، ٤٩ هەزار و ٥٨٥ هەزار بیری ئاو بۆ مەبەستی ئاوی خواردنەوە، كشتوكاڵ و پیشەسازی لە هەرێمی كورستان هەڵكەندراون.
لەم ژمارەیە ٢٣ هەزار و ٦٢٥ بیر بە مۆڵەت لێدراون، بەڵام ٢٥ هەزار و ٩٦٠ بیر بە زێدەڕۆیی هەڵكەندراون، واتا بێ مۆڵەتن، كە زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانیدان.
ماوەی مانگێکە لە سنووری شارەدێی پیرەمەگرون و دەوروبەری پارێزگای سلێمانی، هەڵکەندنی بیر بووەتە دیاردە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە سەردانی شارەدێی پیرەمەگرونمان کرد، کەسانی بیرهەڵکەن و ئەو هاوڵاتییانەمان دواند کە سەرقاڵی بیر لێدان بوون.
لە کاتی گەیشتنمان بە شارەدێی پیرەمەگرون، لە زۆربەی گەڕەک و کۆڵانەکانی ئامێری بیرهەڵکەن کاریا دەکرد، بە جۆرێک لە هەندێک کۆڵان دوو ئامێر لە نزیکی یەکەوە بیریان لێدەدا، بەشێک لەو بیرانەش لەسەر شۆستە و سەر ڕێگاکان هەڵدەکۆڵران.
هەرچەندە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٥ تایبەت بە هەڵكەندنی بیری ئاو، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەپێی پێكهاتەی دەنكۆڵیی چینەكانی زەویی پارێزگاكان، دووری نێوان دوو بیریان دیاریکردووە، کە لە پارێزگای سلێمانی نابێت لە ٤٠٠مەتر کەمتربێت، بەڵام بەپێی یاسابێت یان نا، لە هەردوو حاڵەتەکەدا بیر زیانێکی زۆر بە ئاوی ژێر زەوی دەگەیەنێت.
ئیسماعیل عومەر دانیشتووی پیرەمەگروونە و پشت بە ئاوی بیر دەبەستێت، دەڵێت: نزیکەی مانگێکە بەهۆی ڕێگەپێدانی حکومەتی خۆجێی ناوچەکە خەڵک بە لێشاو دەستیان کردووە بە هەڵکەندنی بیر، لەم ماوەیەدا لە ناوچەکە زیاتر لە هەزار بیر لێدراوە، تەنها لەم کۆڵانەی خۆمان نۆ بیر لێدراوە.

لە بارەی هۆکارەکانی هەڵکەندنی بیرەوە، وتی، بەشێک لە هاوڵاتییان بەهۆی کەم ئاوی پەنا دەبەنە بەر بیر، بەڵام بەشێکی چاولێکەرییە، “ئەوەندە بیر زۆربووە ئاوی ژێر زەوی کەمیکردووە، هەندێکیان ٧٣ مەتر قوڵە هێشتا ئاوی زۆر کەمە، هەندێکیش وشکیان کردووە”.
لە ناوچەکەدا بۆ یەک مەتر هەڵکۆڵین، لە ٢٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات تا سەروویی ٣٠ دۆلار، نرخەکانیش لەلایەن کارگێڕیی ناوچەکەوە دیاری دەکرێت، خەڵکیش دەڵێن”چەند بەرپرسێک لە ناوچەکە خۆیان بیرهەڵدەکۆڵن بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کارەیان ئەم چەند ڕۆژە مۆڵەتییان بە خەڵکی ناوچەکەش داوە”.
وەلی عەبدوڵا هاوڵاتییەکی دیکەیە وتی: دوو ڕۆژ جارێک یەک کاتژمێر ئاومان دەدەنێ، ئاوەکەشی پیسە و بە کەڵکی خواردنەوە نایەت، لەبەر بێ ئاوی بیرم هەڵکەندووە مەتری بە ٣٢ دۆلار، هەندێک هاوڕێم سەردانی بەڕێوبەری شارەدێکەیان کرد بۆ کەمکردنەوەی نرخەکەی، بەڵام ڕێگای نەدابوو لەو نرخە کەمتر بکرێت.

لە کۆڵانی ماڵی ئەم هاوڵاتییەشدا لە چەند مەترێکدا حەوت بیر لێدراون، لەسەر هۆکارەکەشی دەڵێت، حکومەت توانای نییە چاکی بکات بۆیە ڕێگای بە خەڵک داوە بیر هەڵبکۆڵن.
عەباس عەلی بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی لەم باریەوە بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: بەدواداچوونمان بۆ کردووە ئەو بیرانە بە نایاسایی لێدراون و زیادەڕەوییان کردووە، بیرهەڵکەنەکانیش بە شێوازێکی مافیایی و نایاسایی کاردەکەن، بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەوە هیزەکان لە ئامادەباشیدابوون و نەیان توانیوە وەک پێویست لێپێچینەوە بکەن خەڵکیش ئەمەیان وەک دەرفەت قۆستووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا: لەم بارەیەوە نوسراومان کردووە بۆ پارێزگار، داواکاری گشتی، دادگاکان و پۆلیس و سەرجەم لایەنە فەرمییەکان، دەستییان بە لێپێچینەوە کردووە و ئەو ئامێرانەی بە نایاسایی کاردەکەن دەستییان بەسەردا دەگیرێت و ئەو کەسانەشی بە نایاسایی بیر هەڵدەکەنن ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و دەتوانین بیرەکانیان پڕبکەینەوە.
بەڵام بە پێچەوانەی وتەی بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی لە شاری سلێمانی، ٥ی ئەم مانگە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی داراستان و ژینگەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: ئێمە بەپێی بڕیاری سەروی خۆمان لێپێچینەوە دەکەین، خەڵکی پیرەمەگرون پێویستییان بە ئاوە، هەر بۆیە پارێزگاریش بە ئەرکێکی پیرۆزی زانیوە و ڕێگای بە هاوڵاتییان داوە ئەم چەند ڕۆژە بیرهەڵبکەنن.
سەروەر ساڵح بەڕێوەبەری شارەوانی پیرەمەگروون دەربارەی ئەوەی کە مۆڵەتیان داوە بە هاوڵاتیان بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و ڕەتیکردەوە مۆڵەت بەکەس درابێت و وتیشی، دیارە دەسەڵاتێک لەسەرووی ئەوانیان لە پشتە، ئاماژەی بەوەشکرد: ناتوانین هیچ لێپێچینەوەیەک بکەین، مەگەر تەنها ئەو بیرانەی لەسەر شۆستەکان لێدراون بتوانین سکاڵایان دژ تۆمار بکەین.
هەروەها هەوڵماندا لێدوانی بەکر عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری شارەوانیی پیرەمەگرون وەربگرین، بەڵام وەڵامی پەیوەنییەکانی نەدایەوە.
س.ح