شەممە, 30 ماي 2020 – 13:43 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لە کوێستانی خایز لە پارێزگای کۆهکیلویە و بویرئەحمەد، کە دەکەوێتە سەر زنجیرە چیاکانی زاگروس، لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە ئاگرکەوتووەتەوە و هێشتا نەکوژێنراوەتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنە خۆجێییەکانی ناوچەکە، ئاگرەکە هێشتا بەردەوامە و بەهۆی پۆش و پاوانی زۆر و دارستانەکانی بەڕوو و هەڵبوونی بای توند، ئاگرەکە پەرە دەستێنێت و هەوڵدانی خەڵک و گروپەکانی ژینگەپارێز ئەنجامێکی نەبووە.
لەلایەکی دیکەشەوە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران لە پارێزگای کۆهکیلویە و بویرئەحمەد، ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی کەمیی کەرەستەی ئاگرکوژێنەوەوە، تا ئێستا نەیانتوانیوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
ئەسەدوڵا هاشمی، بەڕێوبەریی گشتی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کۆهکیلویە و بویرئەحمەد، لەو بارەیەوە بە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانی ڕایگەیاند: ئاگرەکە گەیشتووەتە ناوچە پارێزراوەکانی ئاژەڵە کێوییەکان و مەترسی دروستکردووە لەسەر جۆرەکانی ئاژەڵ و گیای ئەو ناوچەیە.
هاشمی ڕاشیگەیاند: کەمیی کارمەند، بەرفراوانی ئاگرەکە و نەبوونی کەرەستەی پێویستی ئاگرکوژێنەوە، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی تووشی گرفت کردووە.
ک.س