سوپای داگیرکەری تورک لە شارۆچکەی زاخۆ دەستی بە بڕینەوەی دارستانەکان کردووە و بەشێکی دەفرۆشنە خەڵکی ناوچەکە و زۆریشی دەبەنە تورکیا.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە شارۆچکەی زاخۆ بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە، کە سوپای داگیرکەری تورک لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵەوە، بە بیانووی دروستکردنی جادە بۆ شاخەکانی زاخۆ، دەستی بە بڕینەوە داری دارستانەکان کردووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، سوپای داگیرکەری تورک لە گوندی کشانێ لە هەرێمی هەفتانین دەستی بە بڕینەوەی دارەکان کردووە و بە ڕێگەی کەسێکی بەکرەگیراو بە ناوی جەعفەر بەنەک ناسراو بە جەعفۆ ئەو دارانە دەبرێنە تورکیا.
هەمان سەرچاوە ئاشکرایکردووە، کە سوپای داگیرکەری تورک لە گوندەکانی دەرییە داودییە، کەشان، دەشتی بەشیر ئاغا، باس ئاغا، کانی قەزە، ئانش، شاران شا، گوندە مەسیحییەکان، ناوچەی خانتوور و هەفتانین دەستی بە بڕینەوە و بە تاڵان بردنی داری دارستانەکانی ئەو دەڤەرە کردووە.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوە خۆجێیەکان لە گوندی کشانێ لە باکوری شارەدێی باتوفا لە زاخۆ، بە ڕۆژنیوزیان ڕاگەیاندووە، کە سوپای داگیرکەری تورک لە دەوروبەری ئەو گوندەدا جێگربوون و داری دارستانەکانی ئەو گوندە هاوشێوەی دارستانەکانی عەفرین، دەبڕنەوە و بە خەڵکی ئەو دەڤەرەی دەفرۆشنەوە.
بە پێی ئەو سەرچاوەیە لە هاوینی ئەمساڵەوە گوندی کەشان بە هۆی تۆپباران و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە چۆڵ کراوە و زیانی ماددی زۆر بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان کەوتووە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کە لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە و بەو هۆیەشەوە زەرە و زیانی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.
س.ح