زاخۆ- بێریڤان عەلی
دەوڵەتی تورک لەگەڵ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان، لەژیر ناوی دروستکردنی ڕێگا و بارەگای سەربازی، تەنیا لە هەرێمی هەفتانین و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٨١٤ دۆنم لە دارستانەکانی ئەو دەڤەرەی لەناوبردووە و بە لانیکەمەوە ٤٠٠ بارهەڵگر لەو دارانەی فرۆشتووە.
هێرشە داگیرکەرانەکان، تاڵان و وێرانکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر کوردستان بەردەوامە و بووەتە ڕۆژەڤی هەموو کورد، لەگەڵ ئەو هێرشانەشدا بۆسەر هەرێمی هەفتانین، تاڵانکردنی دارستانەکانی کوردستان کەوتووەتە ڕۆژەڤەوە، کە ڤیدیۆ و وێنەکانی لەلایەن رۆژنیوز و ئاژانسەکانی دیکەوە بڵاوکراوەتەوە.
ئێمەش لێکۆڵینەوەیەکی کورتمان کردووە کە ئەنجامە وێرانکەرانەکانی تاڵانکردنی جوگرافیای کوردستان دەخاتەڕوو، لەسەر ئەم بابەتەش هەم هەواڵی میدیاکان و هەم سەرچاوە هەرێمییەکانمان لەبەر چاو گرتووە، کە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشیان، ناوی سەرچاوەکان ئاشکرا ناکرێن.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمی هەفتانین کە دەکەوێتە سنووری نێوان زاخۆ و دهۆک، لەژێر ناوی دروستکردنی ڕێگا و بارەگای سەربازیدا ژینگەی هەرێمەکەی تێکداوە و لەو چوارچێوەیەدا هەزاران داریان بڕیوە و داریان بەو ناوەوە نەهێشتووە.
٤٠٠ بارهەڵگر باریان بردووە
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و زانیاریی سەرچاوەکان، ئاشکرابووە کە نەتیا لە هەردوولای هەرێمی هەفتانین لە باکور و باشوری کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٤٠٠ بەرهەڵگر دار بڕدراون، بەپێی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی، ئەو ڕیژە دارە، نزیکەی ٨١٤ دۆنم (سێ ملیۆن و ٢٩٤ هەزار و ١٣٩ مەتری چوارگۆشە) زەوی دەکات، کە ١٢٠ دۆنمی لە باشور و ٦٩٤ دۆنمیشی لە سنووری باکوری کوردستان دایە.
جاش و کۆمپانیاکانیان تاڵان دەکەن
سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕێگەی جاشەکانییەوە دارەکان دەبڕێت و کۆمپانیاکانیان ئەو دارانە دەفرۆشن، کە بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیایەک بەناوی “مەنجەت ئیشائات” لە شرناخ ئەو کارانە دەکات، کە کەسێک بەناوی ‘مەتین بابات’ بەرپرسیەتی، لەگەڵ بڕینی دارەکان، دروستکردنی ڕێگا، خاڵی چاودیری، بنکە و بارەگای سەربازی بۆ سوپای تورکی لە ئەستۆ گرتووە، کە لەلایەکەوە دارستانەکان لەناو دەبات و لەلایەکی دیکەشەوە بارەگای سەربازی دروست دەکات.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، کۆملپانیای مەنجەت، ئەو دارانەی بڕدراون، بە بارهەڵگر دەگوازێتەوە بۆ شاری دیلۆک (عەنتاب)ی باکوری کوردستان و دەیفرۆشێتە کۆمپانیایەکی دیکە، ئەو پارەیەش کە بۆ ئەم کارە وەریدەگرێت لەگەڵ جاشەکان و سەربازەکان بەشی دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکان کۆمپانیاکە ئەو ٤٠٠ کەمیۆن دارەی بە ٤٠٠ ملیۆن لیرەی تورک فرۆشتووە و لەو ڕێژەیەش ٢٥٠ ملیۆن لیرە پشکی خۆی بووە.
هەندێک لە کۆمپانیاکانی باشوریش هاوبەشن
سەرچاوەکان هەروەها ئەوەشیان وتووە کە هەندێک کۆمپانیا و کەسانی خەڵکی باشوریش هاوبەشن لەو پلانەدا، بەڵام لەو بارەوە زانیاریی زیاتریان دەست نەکەوتووە.
پلان بۆسەر هەرێمی مەتینا
لە کاتێکدا لە هەردوولای باکور و باشورەوە هەرێمی هەفتانیان وێران کراوە، هەر بەپێی زانیارییەکان، سوپای تورک پلانی داناوە کە بەهەمان شێوە جوگرافیای هەرێمی مەتیناش وێران بکات.
ملکۆ بازیانی سکرتێری پارتی سەوز، لە بارەی کاریگەری تاڵانکردنی جوگرافیای کوردستان لەسەر ژیان و کەشوهەوای ناوچەکە بۆ ڕۆژنیوز دواوە کە سبەی بڵاودەکرێتەوە.
ب.ک