دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی ڕووباری فورات-ی لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گرتوەتەوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا، خەڵکەکە تووشی کارەساتی مرۆیی دەبێتەوە.
ئاوی ڕووباری فورات کە لە باکووری کوردستانەوە دەڕێژتە ناو خاکی سوریا، سەرچاوەی ژیان و کشتوکاڵە لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەوڵەتی داگیرکەری تورک وەکو بەشێکی دیکە لە سیاسەتی فاشیستی خۆی ئێستاکە دەستی بە شەڕی ئاویش کردوە لەدژی گەلانی باکووری سوریا و ئاوی ڕوباری فوراتی بەڕێژەیەکی زۆر گرتوەتەوە .
لەو بارەیەوە بەڕێوبەرانی بەنداوی تشرین بە ئاژانسی هاواریان ڕاگەیاندوە، کە ڕۆژانە بڕی ئاوی ڕووباری فورات ١٠ سانتیم دادەبەزێت و تاکو ئێستا چوار مەتر ئاوی بەنداوی تشرین دابەزیوە و ڕێژەی ئاوی ڕوباری فورات، لە ٥٠٠مەتری سێجا لە خولەکێکدا دابەزیوە بۆ ٢٠٠ مەترسێجا لە خولەکێکدا.
شیاوی باسە، کە شارگەلێکی گەورە وەکو کۆبانێ، ڕەقە، دێرەزۆر، تەبقا، سڕین، کەرامە و حەسەکە ئاوی خواردنەوەیان لە ڕووباری فوراتەوە دابین دەکرێت و گرتنەوەی ئاوی ئەم ڕووبارە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ژیانی نزیک بە پێنج ملیۆن کەس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی کردووەتەوە و هاوکاتبووەتە مەترسییەکی گەورەش لەسەر کشتوکاڵ و ژینگەی ناوچەکە.
ش.ف