بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی ٢ هەزار دۆنم پوش و پاوان سوتاوە کە بەشێکیان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ماوەی (٧٢) کاتژمێری ڕابردوودا لە سنوورەکانی (شارەدێی سیتەك، گوندی قامیش سەر بە شارۆچکەی ماوەت، چیای زمناکۆ لە دەربەندیخان، سەرای سوبحان ئاغا لە سەیدسادق، شارەدێی ئەڵڵایی) چەندین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوویداوە کە بووەتەهۆی سوتانی نزیکەی (٢٠٠٠) دۆنم پوش و پاوان و دارستان و ڕەزوباخی هاوڵاتیان.
ئاماژەشیان بەوەکردووە، کە بەشێک لە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکان بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بووە لە سنووری شارباژێڕ، هۆکارەکانی دیکەش بریتی بووە لە: بوونی مین و تەقەمەنی و خەمساردی هاوڵاتیان لە بەجێهێشتنی پاشماوەی ئاگر.
د.ع