دارستانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەک سییەکانی مرۆڤ هەمووکات هەوای پاک بۆ ژینگە دابیندەکەن، لە هەشت ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ملیۆنێک ٣٠٠ هەزار دۆنم پاوان و دارستان لە هەرێمی کوردستان سووتاون و لەناوچوون.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢ ملیۆن و ٣٢٧ هەزار دۆنم دارستانی سروشتی و ٣٥ هەزار دۆنم دارستانی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام بە چەندین شێوەی جیاجیا دارستانەکان ڕووبەڕووی زیان پێگەیاندن دەبنەوە، بەشێوەیەک ئێستا نیوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەناوچوون.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە ٧٧ هەزار دۆنم دارستان و پوش و پاوان سووتاون، بەشێوەیەک:
سلێمانی: ٥٠ هەزار دۆنم
هەڵەبجە: ٢٥ هەزار و ١٧٤ دۆنم
گەرمیان: هەزار و ٨٥٤ دۆنم
جگەلەوەش بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، تەنها لە ٨ ساڵی ڕابردوودا ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار و ٨٧٣ دۆنم دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان سووتاون، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی ڕووبەری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان.
دارستەکانی هەرێمی کوردستان بۆچی لەناودەچن؟
ڕێکخراوە ژینگەییەکان کۆمەڵێک هۆکاریان گەڵاڵە کردووە لەبارەی لەناوچوونی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، بەوتەی سەروەر قەرەداغی، هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، سووتانی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ ئەم هۆکارانە.

یەکەم: لە وەرزی هاویندا زۆرجار بەئەنقەست و زۆر جاریش بێ مەبەست ئاگر لە دارستانەکان دەکەوێتەوە و بەهۆیەوە ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکان لەناودەچن.
دووەم: لە وەرزی زستاندا بەهۆی دابەشنەکردنی نەوت و نەبوونی کارەباوە هاوڵاتیان بۆ خۆگەرمکردنەوە پەنادەبەنە بەر بڕینەوەی دار.
سێ: زۆرجار لەلایەن سوپای تورک و سوپای ئێرانەوە بەئەنقسەت و بۆ تێکدانی ژینگەی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی ڕووبەری سەوزای،ی ئاگر لە دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەدرێت.
چوارەم: بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی نێودەوڵەتیی، ٧٥٪بۆ ٨٠٪ی ڕووبەری دارستان و پاوانی ناوچە سنوورییەکان بەهۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە سووتاون.
پێنجەم: نەبوونی هۆشیاریی ژینگەیی و سزانەدانی تاوانبارانی ئەو کەسانەی دەبنە هۆی سووتان و لەناوبردنی دارستانەکان و نەپاراستنی دارستانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و کەمتەرخەمیکردن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان.
شەشەم: گۆڕینی زەویی دارستانەکان و بڕینەوەی دارەکان بەمەبەستی بەکارهێنانی شوێنەکانیان بۆ کشتووکاڵ.
سووتانی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان چەندین کاریگەرییان لەدوای خۆیان جێهێشتووە، بەتایبەت کەمکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک بەپێی ئاماری دەستەی ژینگەی هەرێم کۆی ڕووبەری سەوزایی هەرێمی کوردستان بریتیە لە ١٢.٤٪، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانیی دەبێت ڕێژەی سەوزایی هەر وڵاتێک ١٥٪ کەمتر نەبێت.
کاریگەرییەکانی لەناوچوونی دارستانەکان چین؟
هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، ئەوق کاریگەرییانە باس دەکات، کە لەناوچوونی دارستانەکان لەسەر زەوی و ئاوهەوای هەرێمی کوردستان جێهێشتووە، لەوانەش:
یەکەم: زیادبوونی دیاردەی خۆڵبارین کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی دارستان و سەوزایی.
دووەم: گەرمبوونی پلەی گەرمیی زەویی.
سێیەم: کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین.
چوارەم: دروستبوونی دیاردەی بە بیابانبوون بەتایبەت لە ناوچەکانی گەرمیان.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوو یاسای تایبەتی بۆ پاراستنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، بەدەر لەوەش دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان چەندین ڕێنمایی بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، بەپێی ئەو یاسایانەش هەرکەسێک ببێتە هۆکار بۆ لەناوبردنی ڕووبەرەکانی سەوزایی دەبێت ڕووبەڕووی سزا بکرێنەوە، بەڵام ڕێکخراوەکانی بواری ژینگە تێبینییان لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان هەیە.
هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: زۆرکات ئەو کەسانەی دەبنە هۆی لەناوچوونی ژینگە ڕووبەڕووی دادگا ناکرێنەوە، زۆرکات ئەوانەشی ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە کەمترین سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت، بۆیە پێویستە دادگای ژینگەیی تایبەتمەند دابمەزرێت کە ئەم دادگایە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە یەکلاکردنەوەی کەیسەکاندا.
ش.ف