بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەپۆلێكی بەفربارین سەنتەری پارێزگاكان دەگرێتەوە و بارستەهەوایەكی سارد ڕوو لە هەرێم دەكات.
لە ڕاگەیەندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی كەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردەوە، دوای نیوەڕۆ بەهۆی هاتنی کاریگەری شەپۆلێکی بەفر بارین لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەریی، لە سەنتەری پارێزگاکان بەفر بارین دەبێت.
وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارین زیاتر دەبێت، ئاستی بەفر لەسەر ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت، هەندێ ناوچەش ئەگەری بەفر بارین بەتێکەڵیی لەگەڵ نمە بارانی دەبێت.
لەبارەی كەشوهەوای سبەینێوە، كەشناسیی هەرێم پێشبینی دەكات، سبەی لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ کاریگەری ئەم شەپۆلە لاواز دەبێت.
ئەمەش دووەم شەپۆلی بەفربارین و سەرمایە كە سێ ڕۆژە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێم بەفرباریوە و پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزیون.
س.س