سەرەرای ئەوەی هێشتا كانیاوەكان نەتەقیون، بەڵام بەهۆی هاتنی بەفروباران لە باڵەكایەتی ئاوی تاڤگە و كانیاوەكان زیادی كردووە، خوڕەوهاژەی تاڤگەكان ناو دۆڵ و چیاكانی باڵەكایەتی پڕ كردووە.
تاڤگەی كۆڵەكۆڵ لە بناری چیای بەردەبووك و كانیاوەكانی ئەو ناوچەیە، ئاوێكی زۆریان لەبەر دەڕوات و بەتەواوی بوژاونەتەوە و ئاوێكی زۆر لە سەرچاوەكانیانەوە دەڕژێت.
چیاكانی بەردەبووك، چیای هەڵگۆرد، حەساری سەكران و چیخی دەرێ، بەتەواوی سپی پۆشبوون و بەفرێكی زۆریان لەسەر كۆبووەتەوە، لە دامێنی چیاكان لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەشەمێ و گەرمبوونی تشكی خۆر وردە وردە بەفری چیاكان دەتوێنەوە و ئاوەكەی دەڕژێتە ڕووبار و تاڤگەكان، كە ئەمەش دیمەنێكی جوانی بە سروشتی ناوچەكە بەخشیوە.
دەڤەری باڵەكایەتی کە لە ڕووی ئیدارییەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێرەوە، ناوچەیەكی شاخاوییە، سرووشتی ناوچەكە وایە، كە ساڵانە بەفروبارانێكی زۆری لێدەبارێت، ئەمەش چەندین ڕووباری گەورەو مامناوەند و بچوكی لێ درووست دەبێت.
ئەمڕۆ ٢٤ی شوبات، هاوکاتە بە ٦ی مانگی ‘ڕەشەمێ’ی ٢٧٢١ی کوردیی.
س.ح