پێنجشەممە, 2 أبر 2020 – 07:31 ڕۆژنیوز ـ بۆتان و هونەر
https://www.youtube.com/watch?v=A6Gc_CvXF7U&feature=youtu.be”>
بەهۆی پەرەسەندنی بێ سنوری پیشەسازیی لە جیهاندا و قورخکاری و دەستدرێژییەکانی بۆسەر سروشت، کارەسات و کاردانەوە سروشتییەکان، لەژێر کۆنترۆڵی مرۆڤ ترازاون، لەپاڵ زیادبوونی پاڵاوتگەو کارگەکان، ساڵانه ٣٦٩ تۆن بەستەڵەک و بەفر لە جەمسەرەکانی باکور و باشوری گۆی زەوی دەتوێنەوە، سێ ملیۆن مرۆڤیش بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە خواردنیان لەدەستداوە و ساڵانەش حەوت ملیۆن مرۆڤ دەمرن، ئەمە جگە لە کون بوونی بەرگەهەوا.
سەبارەت بە پەیوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڤایرۆسە کوشندەکانی تر بەم بابەتەوە، بەشێک لە ژینگە پارێزان و چالاکوانانی مەدەنی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
ئیبراهیم زەریفی، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان، ئاماژەی بەوەدا، گەرمبوونی گۆی زەوی و زیاد بوونی کۆمپانیا و کەرەستە پیشەسازییەکان و پیسبوونی ژینگە، وایکردووە ژیان لەسەر گۆی زەوی بکەوێتە مەترسییەوە، دەیان ساڵە پسپۆڕان و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان داوا لە هاوڵاتیان دەکەن گرنگی بە پاراستنی ژینگە بدەن، بۆ ئەوەی کارەساتی سروشتی و مرۆیی ڕوونەدات.
وتیشی: هۆکاری سەرەکی زۆربەی نەخۆشییەکان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە جۆراوجۆرەکان دەگەڕێنەوە بۆ پیسبوونی ژینگە، هەروەها داوا دەکات “لەپێناو پاراستنی داهاتووی خۆمان و نەوەکانمان دەبێت ڕێز لەژینگە بگرین و گرنگی بە پاکڕاگرتنی بدەین، بۆ ئەوەی ژیانمان نەبێتە دۆزەخ”.
هەر لەسەر ئەو بابەتە هێمن کاکە، چالاکوانێکی مەدەنی، قسەیکرد و وتی: بڵاوبوونەوەی پەتا و کارەساتە سروشتییەکان مێژوویەکی دێرینیان هەیە، بەڵام بەبەراورد بە ڕۆژگاری ئەمڕۆ لە کۆندا ڕێژەیان کەمتربوو، بەڵام ئێستا بوون بە دیاردە و هەر چەند ساڵ جارێک بڵاودەبنەوە، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنی پیشەسازگەرایی و زاڵبوونی سیستمی سەرمایەداری بەسەر جیهاندا، لە ئێستاشدا ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی ئەو دەستدرێژیانەمان پێشاندەدات، کە لەلایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە کراوەتە سەر سروشت.
وتیشی: سروشت خاوەنی هاوکێشە و میکانزمی تایبەت بەخۆیەتی و هیچ بوونەوەرێک لە سروشتدا بەزیادە دروستنەکراوە، کاتێک بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستدرێژی دەکرێتە سەر سروشت هاوسەنگی دەشێوێنرێت، هاوکێشە و یاسا سروشتییەکانیش، کە بەگوێرەی کار و کاردانەوەن و لە ئەگەری تێکچوونی هاوسەنگییان کاردانەوەیان هەیە و کارەسات ڕوودەدات و کەش و هەوا تێكدەچێت و پەتا و ڤایرۆس بڵاودەبنەوە.
هەروەها جەختیکردەوە لەسەر تیۆرییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و بە بیری هێنایەوە کە کۆکن لەگەڵ ئەو تێڕوانینەی مرۆڤایەتی باجی دەستدرێژییەکانی سیستمی سەرمایەداری دەدات بۆ سەر سروشت.
سەبارەت بە چارەسەری ئەم دۆخەش ئاماژەی بەوەدا: دەبێت هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەسەر ئاستی جیهاندا بکرێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان و دانانی سنورێک بۆ مرۆڤەکان کە بە ئەندازەیی پێویستی خۆیان کەڵک لە سروشت وەربگرن، هەروەها هاوسەنگی سروشت و مرۆڤایەتی بپارێزرێت و پیشەسازیی سنوردار بکرێت.
ک.س