بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی زێی بچووک و تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی شارۆچکەی تەقتەق تیایدا، بە هەزاران ماسی لەناوچوون.
پەیامنێری ڕۆژنیوز لە کۆیە ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هاوڵاتیانی تەقتەقە تێبینی ئەوە کراوە کە هەزاران ماسی لەناو زێی بچوکدا لەناوچوون پاش ئاوەی ماوەی دوو ڕۆژە ئاوەکەی گلدراوەتەوە کە لە بەنداوی دووکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی زێیەکە وتی، ماوەی دوو ڕۆژە بەهۆی چاککردنی کارەبای کارۆ ئاوی بەنداوەکەوە، ئاوی بەنداوەکەیان بۆ ٢٠مەتر سێجا لە چرکەیەکدا کەمکردووەتەوە کە پێشتر ٨٠مەتر سێجا بووە لە چرکەیەکدا.
باسی لەوەشکرد، پاش دەرکەوتنی زیانەکان و لەناوچوونی هەزاران ماسی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕێژەی بەردانەوەی ئاوەکەیان بۆ ٥٠مەتر سێجا لە چرکەیەکدا زیاد کردووە.
ئەو هەواڵانەشی ڕەتکردەوە کە بایکۆت کردنی کارمەندانی بەنداوەکە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاوەکە هەبوبێت کە ماوەی دوو ڕۆژە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیانەوە بۆ ماوەی پێنج مانگ بایکۆتیان ڕاگەیاندووە.
لای خۆیەوە، دلشاد عەلی لێپرسراوی هۆبەی سامانی ئاژەڵ و ماسی لە کشتوکاڵی تەقتەق بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند، دوای پشکنینی ماسییەکان لە تاقیگەی سەرەتاییدا، دەرکەوت کە کە ماسیەکان هیچ نەخۆشییەکیان نیە، بەڵکو بەهۆی کەمبونەوەی ئاوی زێی بچوک و تێکەڵ بوونی ئاوەرۆی تەقتەقە بە ئاوی زێیەکە.
وتیشی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی تەقتەق بژێوی ژیانیان لەسەر ڕاوکردنی ماسییە لە زێی بچووک، هەربۆیە زیانێکی گەورە بە سامانی ماسی گەیشتووە لە سنوورەکە.
لە ئێستادا بەنداوی دوکان سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایەو ئاستی ئاوی بەنداوەکەش لەچاو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی یەک مەتر کەمترە.
ی. ک