لە کۆنفرانسێکدا بڕیاردرا، لە سبەینێوە هەڵمەتێکی یەک مانگە بۆ خاوێنکردنەوەی کەرکوک دەستپێبکات.
ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای كەركوك بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی فەرمانگە حكومییەكان و پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، كۆنفرانسێك لەبارەی ژینگەی کەرکوکەوە بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، فەرەیدون عادل، بەڕێوبەری شارەوانیی كەركوك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كەركوك تەنها پارێزگایە لەنێو پارێزگاكانی عێراق، کە شارەوانییەكەی بەستراوەتەوە بە وەزارەتەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی بەشە پارەی خاوێنكردنەوەی شار لە یەك ملیار دیناری مانگانەوە کەم کراوەتەوە بۆ تەنها ٢٠٠ ملیۆن دینار، ئەمەش بووەتە هۆكاری دروست بوونی زبڵێکی زۆر لەنێو گەڕەك و كوچە و شەقامەكان.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا، ڕاکان جبوری، پارێزگاری بەوەکالەتی كەركوك داوای لە بەرێوبەری فەرمانگەكان كرد، یا بە پارە یاخود بەخستنە گەڕی كارمەند و ئۆتومبیل و ئامێر، هاوكاریی شارەوانی بكەن و لە سبەینێوە هەڵمەتێكی یەك مانگە بۆ خاوێنکردنەوەی شار دەستپێبکەن و داواکارییەکە پەسەند کرا.

ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە گفتوگۆیان كرد لەسەر ڕادەستكردنی مەلەفی زبڵ و خاشاك بەكۆمپانیا، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدرا.
سەرباری ئەوەی لەگەڵ هەر ئەمپێرێكی موەلیدە، ئیدارەی شار مانگانە بڕی هەزار دینار لە هەر ماڵێك وەردەگرێت بۆ هەڵگرتنەوەی خاشاک، بەڵام شارەوانی ئاماژە بۆئەوە دەكات، بەشێكی كەمی ئەو پارەیە دەدرێتە شارەوانیی، جگە لەوەش دەیان كارمەندی شارەوانی بەهۆی بەرزی تەمەنیانەوە خانەنشین بوون و دامەزراندنیش نیە، هەربۆیە کەمیی كارمەند هۆكارێکی تری مانەوەی خۆڵ وخاشاكە لەنێو شاردا.
ش.ف