لێپرسراوی نەخۆشییە گواستراوەکان، باس لە جۆر و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی نەخۆشییە گواستراوەکان دەکات، بەشێکی هۆکارەکانیش بۆ گۆڕانی پلەی گەرما و پیسبوونی ژینگە دەگەڕێنێتەوە.
ساڵانە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە وەرزەکاندا، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان دووچاری هەندێک پەتای وەرزیی دەبنەوە کە بەشێوەیەکی خێرا بڵاودەبنەوە و بە پەتای وەرزیی یاخود نەخۆشی گواستراوە دادەنرێن، لەئێستاشدا کە لەوەرزی هاوین نزیک دەبینەوە، زۆرێک لە هاوڵاتیان تووشی پەتا بوون.
پەتای وەرزیی ئەو نەخۆشیانەن، کە دووچاری کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤ دەبن بەهۆی ڤایرۆسەوە، هەروەها کار لەسەر بەرگریی لەشی مرۆڤ دەکەن، ماوەی نەخۆشییەکە لەنێوان حەوت بۆ ١٤ ڕۆژدایە، گواستنەوەشی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەچەند ڕێگەیەکە’ وەک(نزیکبوون لە کەسی توشبوو لە کاتی پژمیندا، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ وەک تەوقە و ماچکردنی کەسی توشبوو، بەکارهێنانی کەرەستەی کەسی توشبوو، هەوا گۆرکێ).
وەک د.نەورەس عوسمان، لێپرسراوی بەشی نەخۆشییە گواستراوەکان لە تەندروستیی سلێمانی باسی دەکات، لە ئێستادا زیاتر ئەو نەخۆشیانە بەربڵاون کە پەیوەندییان بە هەستیارییەوە هەیە، هەورەها بەشێکی نەخۆشییە گوستراوەکان لەگەڵ سەرهەڵدانی گەرما و نزیک بوونەوە لە هاوین زیاد دەکەن، بەتایبەت ئەو نەخۆشیانەی کە لە ڕێگای دەم و کۆ ئەندامی هەرسەوە دەگوازرێنەوە.

د. نەورەس، بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، سکچوون لەم وەرزەدا یەکێکە لەو نەخۆشییە بەربڵاوانەی کە دووچاری زۆرێک لە هاوڵاتییان دەبێت و هۆکارەکەشی بۆ خواردنی پیس، گوێنەدان بە پاکوخاوێنی و زۆریی گەشتکردنی هاوڵاتیان لەم وەرزەدا دەگەڕێنێتەوە.
گۆڕانی کەشوهەوا، تەنیا کاریگەریی لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی تایبەت بە کۆئەندامی هەناسە نییە، بەڵکو هەندێک نەخۆشیی پێستیش بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا تووشی مرۆڤ دەبێت، د.نەورەس باس لە نەخۆشیی ‘لیشمانیا’دەکات، کە لەڕێگەی مێرووەوە لە کەسێکی نەخۆشەوە بۆ کەسێکی تەندرووست دەگواسترێتەوە.
جیاواز لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئەو پزیشکە ڕانەگرتنی پاکوخاوێنیی و پیسبوونی ژینگە، بەهۆکاری ڕاستەوخۆی گواستنەوەی نەخۆشیی ‘لیشمانیا’ و نەخۆشییەکانی دیکە دەزانێت.
د.نەورەس، زیاتر لەبارەی کاریگەریی ژینگەی پیس لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی دەدوێت و دەڵێت: پیسکردنی ژینگە تێکدانی هاوسەنگی سرووشتە، ئەو هاوسەنگییەش کە ژینگە لەدەستی دەدات دەبێتە هۆی تێکچوونی ئۆرگانەکانی دیکە، بۆیە ئۆرگانەکانی دیکە لەو حاڵەتەدا هەندێک مێروو لەناودەچن و هەندێکیش درووستدەبن و زیاد دەکەن، هەروەها پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان، هۆکارێکی دیکەن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی بەشێوەیەکی بەرچاو.
د. نەورەس پاکوخاوێنی و گرنگیدان بە خواردنی تەندرووست و دوورکەوتنەوە لەو بابەتانەی کە هۆکارن بۆ دروستبوونی نەخۆشییە گواستراوەکان، بە چارەسەر دەزانێت.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، کە ژینگەپارێزان بەردەوام بانگەوازیی لە هاوڵاتیان دەکەن ژینگە بپارێزن، بەتایبەت لە وەرزی بەهار و گەشتە خێزانییەکاندا، کە نیگەرانی ئەوەن کەسانێکی زۆر پاشماوەکانیان لە سەیرانگاکدا بەجێدەهێڵن.
ش.ف