هەڵمەتی یەک مانگەی خاوێنکردنەوەی شاری کەرکوک دەستیپێکرد و بڕیارە ڕۆژانە ٧٠٠ تۆن زبڵ هەڵبگیرێتەوە و فڕێ بدرێت.
لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی، دوێنێ لە کۆنفرانسێکدا بڕیاری لەسەر درا، ئەمڕۆ شارەوانیی کەرکوک، بە هاوکاریی و بەشداریی دەیان فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیی، دەستیان بە هەڵمەتی هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاک کرد.
فەرەیدون عادل، بەڕێوبەری شارەوانی کەرکوک بە ڕۆژنیوزی وت: لە ئەمڕۆوە ڕۆژانە بڕی ٧٠٠ تۆن زبڵ هەڵدەگرینەوە، ئەوەش بە هاوکاریی ئامێر و ئۆتومبیل و کارمەندی بەشێک لەفەرمانگەکان ئەنجام دەدرێت.
بەڕێوبەری شارەوانیی کەرکوک، وتیشی: بەغدا هەموو جۆرەهاوکارییەکی بۆ کەرکوک ڕاگرتووە، شارەوانی کەرکوک بارگرانییەکی زۆر کەوتووەتە ئەستۆی، لە ئەنجامی نەبوونی کارمەند و پارەی پێویست، زبڵ و خاشاکێکی زۆر لە کوچە و کۆڵانەکانی شار.
جەختی لەوەش کردەوە، هەڵمەتەکە لە ئەمڕۆوە بەفەرمیی دەستیپێکردووە و تا یەک مانگ بەردەوام دەبێت بەو ئامانجەی لە قۆناغی ئایندە بتوانن پلانی درێژخایەنمان هەبێت بۆ خاوێنکردنەوەی شار.
ش.ف