دووشەممە, 6 أبر 2020 – 07:43 ڕۆژنیوز ـ بۆتان و هونەر
https://www.youtube.com/watch?v=6amcj9Nya8Y&feature=youtu.be”>
پەرەسەندنی بێ سنووری پیشەسازیی لە جیهاندا و قورخکاری و دەستدرێژییەکانی بۆسەر سروشت، بووەتە هۆی پیسبوون و وێرانکردنی ژینگە، ساڵانە ۳٦۹ تۆن بەستەڵەک و بەفر لە جەمسەرەکانی باکور و باشوری گۆی زەوی دەتوێنەوە، سێ ملیۆن مرۆڤیش بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە خواردنیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشیی و ڤایرۆسی کوشندە.
دوایین نەخۆشیی جیهانیی، کە وەک بەڵا بۆ مرۆڤایەتیی ناودەبرێت، ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس و زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤیش بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەو ڤایرۆسە تائێستا هیچ دەرمانێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە پاکوخاوێنیی وەک یەکێک لە چارەسەرەکان دیاریی کرا و هەرزوو ژینگەی پیس بە یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەستنیشان کرا.
بەشێک لە ژینگەپارێزانی سنووری ئیدارەی گەرمیان لەم بارەیەوە سەرنجی خۆیان بۆ ڕۆژنیوز دەخەنەڕوو.
ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیان، پیسبوونی ژینگە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەزانێت و دەڵێت: ئەو وڵاتانەی کە بەڕێژەیەکی بەرچاو ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا بڵاو بووەتەوە، ئەوانەن کە زیاتر کەرتی پیشەسازیی تیایاندا بەربڵاوە، بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگە.
وەک سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە ژینگەییە باسی دەکات، “بڵاوبونەوەی ڤاترۆسی کۆرۆنا، هاوارێکە بە گوێی ئێمە و جیهاندا بۆ ئەوەی لەگەڵ سروشت ئاشتببینەوە و گرنگیی بە پاکڕاگرتنی ئاو و هەوا و خاکەکەمان بدەین”، هۆشدارییش دەدات، پیسبوونی ژینگە، لە چەند ساڵی داهاتوودا مەترسییە بۆ لەناوچوونی تەواوی مرۆڤایەتی.
فەرهاد فارس، ژینگەپارێزێکی دیکەیە و ژینگەی خاوێن بە گەرەنتیی تەندروستییەکی باشتر بۆ مرۆڤ ناودەبات و نیگەرانە لەوەی، کە پەرەسەندنی پیشەسازیی و دەستێوەردانی بێسنووری سیستمی سەرمایەداریی بۆ سەر سروشت، بووەتە هۆی دروستبوونی لاسەنگیی لە هاوکێشە سروشتیەکاندا، ئەمانەش دەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتاو ڤایرۆسی کوشندە و ڕوودانی کارەسات.
فەرهاد، پێشیوایە، کە لە سەردەمانی زوو بەهۆی ئەوەی مرۆڤ ڕێزی لە سروشت گرتووە و وەک ئێستا بە کارگە و هۆکارەکانی گواستنەوە ژینگەی پیس نەکردووە، دەرد و نەخۆشیی کەمتربوون، دەشڵێت: دەبێت چیتر ڕێز لە ژینگە بگرین و دەستدرێژییەکان بۆسەری، سنوردار بکەین.
ش.ف