کەمپەینی “لە گۆیژەوە کوردستان سەوز دەکەین”، لە یاداشتێکدا داواکارییەکانی خۆیان ئاڕاستەی پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد، هەروەها بانگەوازیان لە حکومەت و سەرجەم ڕێکخراوەکان کرد، کە هاوکارییان بکەن بۆ سەوزکردنی کورستان، داواشیان کرد چیتر زەوییە کشتووکاڵییەکان نەدرێتە وەبەرهێنان.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ کەمپەینی “لە گۆیژەوە کوردستان سەوز دەکەین”، لە نوسینگەی پارتی سەوزی کوردستان لە شاری سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی، ژینگە، ژنان و کۆمەڵی مەدەنی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داواکارییەکانیان خستەڕوو.
کەمپەینی “لە گۆیژەوە کوردستان سەوز دەکەین” لە ڕۆژی ١٦ی مانگی ٩ لەلایەن پارتی سەوزی کوردستانەوە بە ئامانجی سەوزکردنەوەی شاخی گۆیژە و ناوچە سوتاوەکان و پاراستنیان ڕاگەیەندرا، بڕیارە ئەم کەمپەینە لە سەرجەم شارەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک کار بکات.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، دانا نەجمەدین وتەبێژی کەمپەینەکە بانگەوازی لە سەرجەم هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار کرد، کە هاوکاری ماددی، یاخود بە نەماما هاوکاری کەمپەینەکە بکەن.

دواتر لەلایەن، ڕەمزیە عەبدولکەریم ئەندامی کەمپەینەکە، داواکارییەکانی کەمپەینی “لە گۆیژەوە کوردستان سەوز دەکەین” خوێندەوە، کە داواکارییەکانیان ئاڕاستەی پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد.

داواکارییەکان بریتین لە هاوکاریکردن بۆ سەوزکردنەوەی ناوچە سووتاوەکان، پاراستنی دارستانەکان بە دانانی خاڵی پشکنین، تاوەری چاودێری، دابینکردنی پرۆژەی ئاودێری بۆ ناوچە سەوزاییەکان، دانانی یاسای تایبەت بە گەشتیاریی و جێگیرکردنی تابلۆی ڕێنماییە ژینگەییەکان.
لە بەشێکی دیکەدا داوایان کرد، کە ڕێگری بکرێت لە بەکارهێنانی ناوچە کشتوکاڵییەکان بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەت بە ژینگە لە پارێزگای سلێمانی و دابینکردنی کرێکار بۆ پاکڕاگرتنی پارک و ناوچە سەوزاییەکان، ڕیسایکلینی ئاوەڕۆی سلێمانی بۆ سوود لێوەرگرتنی لە بواری کشتوکاڵ و ئاودێری.


س.ح