میدیاکانى وڵاتى چیک بڵاویانکردەوە، ماوەى سێ ڕۆژە ئاگرێکى گەورە لە پارکێکى نیشتیمانىی لەسەر سنوورى وڵاتەکەیان و ئەڵمانیا کەوتووەتەوە و تا ئێستا ٣٠٠ هێکتار دارستان سووتاوە، کە دەکاتە ٧٤ هەزار و ١٣٢ دۆنم.
میدیاکانى وڵاتى چیک لە زارى بەرپرسانى ئاگرکوژێنەوەى وڵاتەکەیانەوە بڵاویانکردەوە، ئاگرەکە ماوەى سێ ڕۆژە لە پارکێکى نیشتیمانى، کە ناوچەیەکى گرنگى گەشتیارییە لەسەر سنوورەکانى ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەڵمانیا کەوتووەتەوە و تائێستاش کۆنترۆڵ نەکراوە.
تا ئێستا ٣٠٠ هێکتار دارستان سووتاوە، کە دەکاتە ٧٤ هەزار و ١٣٢ دۆنم، دووکەڵی ئاگرەکەش باڵی کێشاوە بەسەر زۆرینەى شارەکانى چیک-دا، بەتایبەت پراگى پایتەخت، کە ٢٠٩ کیلۆمەتر لە ناوچەى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە دوورە.
هەریەکە لە وڵاتانى سلۆڤاکیا، پۆڵەندا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیان دابینکردووە بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە، بەڵام تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و تا دێت پەرە دەسێنێت.
بەرپرسانی چیک تائێستا هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکەیان ئاشکرانەکردووە، بەڵام لە هەفتەى ڕابردوودا بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەهێزەی ئەوروپای گرتەوە، ئاگر لە بەشێکى زۆرى دارستانەکانى وڵاتانى باشووری ئەوروپا کەوتەوە.
ئ.م