ئاگرەکەی تانجەرۆ بەردەوامە و چەندماڵێکیش ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن

دووکەڵی ئەو ئاگرەی چەند ڕۆژێکە لە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی سلێمانیی کەوتووەتەوە لە ناوچەی تانجەرۆ، هەڕەشە لە ژینگەی سلێمانی دەکات و دانیشتووانی چەند گوندێکی بەتەواوی هەراسان کردووە، بەوهۆیەشەوە بەشێک لە دانیشتووانی گوندی ژاڵەی جەزا جاف ماڵەکانی خۆیان چۆڵکردووە.


ماوەی چوار ڕۆژە لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکەوە، دووکەڵێکی زۆر بڵاوبووەتەوە هەڕەشە لە ژینگەی سلێمانی دەکات و تەنگی بە دانیشتووانی چەند گوندێکی سنوورەکەش هەڵچنیووە.

بەهۆی بەردەوامی دووکەڵەکەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە دانیشتووانی گوندی ژاڵەی جەزا جاف کە تەنها دوو کیلۆمەتر لە ناوچەی کۆکردنەوەی خاشاکی سلێمانییەوە دوورە، ماڵەکانی خۆیان چۆڵکردووە.

بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆییەک کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆمارکراوە و بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، تێیدا دووکەڵێکی چڕ لە گوندەکە بەدیدەکرێت و بەشێک لە دانیشتووانەکەشی بەوهۆیەوە ماڵەکانیان چۆڵکردووە.

لەوبارەیەوە زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز، ئەوەی خستەڕوو، کە "لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دووکەڵە و بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە بەشێک لە کۆمپانیاکان کردووە کە هاوکاریان بن لە کۆکردنەوەی گڵ بەسەر ئاگرەکەدا".

ناوچەی تانجەرۆ دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شاری سلێمانیی تێدایە، ڕۆژانە لە ڕێگای چوار کۆمپانیاوە ھەزار و ٢٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاک لەو سنوورە کۆدەکرێتەوە و دەکرێت بەژێر خاکەوە.

ک.س