ئیدارەی ڕاپەڕین ڕێژەی پێویستی سەوزایی نییە

تا ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە ئیدارەی ڕاپەڕین نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداردی جیهانیی، ئەمەش نیگەرانیی ژینگەپارێزانی لێکەوتووەتەوە، بەرپرسانیش دەڵێن: کێشەی کەمیی بودجە و باخەوانمان هەیە.


هەرچەندە لە هەر شار و شوێنێکی نیشتەجێبوون-دا ڕێژەی ستانداردی جیهانیی بۆ سەوزایی ١٥٪ یە، بەڵام لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕێژەکە نەگەشتووەتە ئەو ئاستە و لەنێوان ٨٪ بۆ ١٠٪ دایە.

ڕاوێژ ستار، لێپرسراوی ناوەندی یاسایی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، پێیوایە، نەبوونی ڕێژەی سەوزایی پێویست، هۆکارێکی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە لە سنوورەکە، نیگەرانیشە لەوەی ئەگەرچی ژینگەپارێزان نەمام دەچێنن، بەڵام ڕێژەی بڕینەوەی دار لە سنوورەکە بەرزە، وتیشی"ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین بەتایبەت پێویستی بە پشتێنەی سەوزایی هەیە".

ئەو ژینگەپارێزە، بە گرنگیی دەزانێت، میدیا و رێکخراوەکان و کەرتی پەروەردە، ڕۆڵ بگێڕن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بۆ پاراستنی ژینگە و سەوزکردنی.

هەروەها، محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین، ئاماژەی بۆ ئەو بانگەشانە کرد، کە سەبارەت بە داری قەڵەم تۆز و داری سەبەح بەح بڵاو دەکرێنەوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لەو دارانە چێندراون و وتی: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، گوایە داری قەڵەم تۆز زیان بە ژینگە دەگەیەنێت'زیانی بۆ ئاوی ژێر زەوی هەیە'، هەروەها دەتوترێت داری سەبەح بەح ژەهراوییە، ئەم بانگەشانە هیچ بنەمایەکیان نییە.

سەردار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ڕانیە نەبوونی بودجە و باخەوان بە هۆکاری کەمیی ڕێژەی سەوزایی لە سنوورەکە دەزانێت و وتی: بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی پێویستمان بە بودجەی پێویست و زیاتر لە ٢٥٠ باخەوان هەیە.

سەرۆکی شارەوانیی ڕانیە، ئاشکرایکرد، کە پلانیان هەیە لە ساڵی داهاتوو شێوازی چڕی سەوزکردن پەیڕەو بکەن، واتا داری زۆر و بەرز بچێنن، بە مەرجێک حکومەتی هەرێم هاوکارییان بکات.

لەلایەکی دیکەوە، ئیساعیل محەمەد، بەڕێوەبەری نەمامگەی شازاد سائیب لە ڕانیە، ەک نامگەیەکی سەر بە حکومەتە و لە ساڵی ۱۹۹۹ دامەزراوە و ڕووبەرەکەی ٤۰ دۆنمە، هەردوو بەشی باخداریی و دارستانی تێدایە، باسی لەوە کرد"ساڵانە نزیکەی ١٥٠ هەزار نەمام بەرهەم دێنین و بەشێکی زۆری بێ بەرامبەر بەسەر دامودەزگا و فەرمانگەکاندا دابەشی دەکەین".

وتیشی:"نەمامی بەشی باخدارییش یان ئەو نەمامانەی، کە میوە بەرهەم دێنن بە نرخێکی کەم بە سەر جوتیاراندا دابەشی دەکەین، زۆر کات هەبووە لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش لێرە نەمامیان بردووە".

وەک بەڕێوبەری ئەو نەمامگەیە باسی دەکات، ساڵانە لای ئەوان نەمامی زۆر دابەش دەکرێت، بەڵام خزمەت ناکرێن و ئەوەش وایکردووە لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕێژەی سەوزایی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد نەکات.

ش.ف