ئێران ژینگەپارێزان بەتۆمەتی کوژراندنەوەی ئاگری دارستانەکان سزادەدا

لقی شاری سنەی 'دادگای شۆڕشی ئێران' سزای ١٦ مانگ زیندانی بەسەر سێ ژینگەپارێزی کورد دا سەپاندووە، بەو تۆمەتەی ئاگری دارستانەکانیان کوژراندووەتەوە.


بەگوێڕەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، فاروق سەعیدیزادە، لایق ئەحمەدی و ئازاد ڕوحی، سێ ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوانی سەربە سنە، هەر یەکەو بە ١٦ مانگ زیندان سزادراون.

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زنجیرەچیاکانی زاگرۆس لە ساڵانی ڕابردوودا بووە بە دیاردەیەک، هەندێک لەو ئاگرانە بەهۆی گەرماوە و هەندێکی دیکەش بەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای پاسدارانەوە لەو دارستانانەدا دەکەونەوە.

لەبەرامبەردا چالاکوانانی ژینگەپارێزی خۆبەخش کە هەمیشە هەوڵیانداوە ئەو دارستانانە بپارێزن، لەلایەن دەداگای شۆڕشی ئێرانەوە بە زیندان سزادەدرێن.

فاروق سەعیدزادە، لایق ئەحمەدی و ئازاد ڕوحی، لەم هەفتەیەدا پاش ئەوەی بۆ ماوەی ٣٣ ڕۆژ لە زیندانەکانی ئیتلاعاتی شاری سنەدا ڕاگیرابوون، برانە بەردەم دادوەری لقی سنەی دادگای شۆڕش و دادوەریش بە تۆمەتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بۆ هەر کامەیان ١٦ مانگی سزای زیندان بڕییەوە.

س.ح