ئەمازۆنەکەی باڵەکایەتی دەسووتێت

بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێك لە یەكێك لە دارستانەكانی باڵەكایەتی، كە خەڵكی ناوچەكە بە "ئەمازۆنی باڵەكایەتی ناوی دەبەن"، ڕووبەرێكی زۆری پووش و پەڵاش و باخ و ڕەزی هاوڵاتیان و دارستانێكی گەورەش سووتان.


دوێنێ ئاگرێکی فراوان سنووری باڵەکایەتیی لە دەڤەری چۆمان-ی سەربە پارێزگای هەولێر کەوتەوە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆری بە ژینگە و سروشتی سنوورەکە گەیاندووە.

نزیكەی ٣٠ دۆنم لە ڕەزو باخ و دارستان سوتاوون و بەمەش زیانێكی زۆر بەژینگەی ناوچەكە كەوت، تا ئێستاش بەهەوڵی ژینگەپارێزان و تیمەكانی ئاگر كوژێنەوەو خەڵكی ناوچەكە ٩٥٪ی ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكراوەو مەترسی دروستبوونەوەی هەیە.

پێشەوا فەقێ یەكێك لە چالاكوانەكان كە بەشداربوو لە كوژاندنەوەی ئاگرەكە بۆ رۆژنیوز وتی، سروشتی باڵەكایەتی دەوڵەمەندە بەدارستانی چڕو لەوەڕگای سرووشتی ، ساڵانە چەندین دۆنم پووش و پاوان و دارستانەكان بەهۆی ئاگرەوە دەسووتێن، دوێنێ-ش بەهۆكارێكی نادیار نزیكەی ٣٠ی دۆنم لە پوش و پەڵاش و دارستان و باخی هاوڵاتیان سووتان.

بە وتەی پێشەوا، ٩٥٪ی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام مەترسیی دووبارە سووتانەوەی هەیە.

چالاكان و ژینگەدۆستانی باڵەكایەتی لەشوێنی ئاگرەكە دارستانەكەیان بە ئەمازۆنی باڵەكایەتی ناو دەبرد و باسیان لە گرنگی ئەو دارستانە دەكرد، كە ساڵانێكی زۆرە دەپارێزرێت لە لایەن خەڵك و گوندنشینانی ناوچەكەوە.

بەپێی زانیارییەكان، ئاگرەكە تا ئێستاش لەبەشێك شوێنەكانی ئەو سنوورە ماوەو ئەگەری دووبارە تەشەنەسەندی لێ دەكرێت، كە دارستانی زۆرو چڕ لەبەردەم ئاگرەكە هەن كە مەترسی سوتانیان لەسەرە، هەربۆیە لە ئێستادا بەشێك لە چالاكوانانی ناوچەكەو  تیمەكانی بەرگری شارستانی چاودێری شوێنەكە دەكەن.

ئەمانە لە کاتێکدایە، هەمیشە ژینگە پارێزان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەنە هاوڵاتیان کە ئاگاداریی شوێنە گەشتیارییەکان بن و لە هەموو شوێنێکدا ئاگر نەکەنەوە، یاخود دڵنیابنەوە لە کوژاندنەوەی پاشماوەی ئاگرەکانیان پێش بەجێهێشتنی شوێنەکەیان.

س.ح