ئەمڕۆ یادی شەهیدانی ژینگەپارێز شەریف و هاوڕێکانییەتی

ساڵێک لەمەوبەر چوار ژینگەپارێزی مەریوانی کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان چووبوون، لە دۆخێکی گوماناوی لەناو گڕی دارستانەکان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی ئێران، سووتان و گیانیان بەخت کرد.


ڕۆژی ٢٥ی ئابی ٢٠١٨ لە کاتی تۆپبارانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئاگر لە دارستانەکانی دەوروبەری شاری مەریوان کەوتەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا بە ئاگاداربوون لە دۆخەکە خۆیانیان گەیاندە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە، سەرەڕای ئەمەش سوپای پاسداران بەردەوام بوو لە تۆپبارانی ناوچەکە و لە ئەنجامدا چوار ژینگە پارێزی مەریوانی بە شێوەیەکی گوماناوی شەهیدبوون.

شەریف باجوەر، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژینگەپارێزی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئومێد کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پەژووهی، ئەو چوار ژینگەپارێز بوون کە لە ناو ئاگری دارستان و تۆپبارانەکانی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستدا.

شەریف باجوەر پێش ئەم ڕووداوە گوماناوییە، چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو، هەوڵیان دەدا ڕێگری لە کارە مرۆیی و ژینگەپارێزیەکانی بکەن، 'شەریف' لە هەر ڕووداوێکی سروشتیدا، لە هەر کارەسات و ئاگرکەوتنەوەیەکەدا، لە هەر ڕووداوێکی دڵتەزێندا پێشەنگی مەریوان و خەڵکەکەی بوو، قۆڵی لێهەدەماڵی و دەستی بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوەکان دەکرد، لە کاتی بومەلەرزەکەی کرماشاندا لە یەکەم کاروانەکان و لە یەکەم مرۆڤەکان و لە یەکەم دەستەی هاوکارییەکان بوو، کە لە مەریوانەوە خۆی گەیاندە کرماشان.

گیان لەدەستدانی ئەو چوار ژینگە پارێزە لە دۆخێکی گوماناوی ڕوویدا بە جۆرێک کە هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، کە ئەو چالاکوانانە کراونەتە ئامانجی تۆپبارانەکانی سوپای پاسداران، سەرچاوەکانی دیکەش باس لەوە دەکەن، کە مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقیان پێیاندا تەقیوەتەوە، هەر پەیوەندیدار بەو بابەتەوە، حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوای ئەو ڕووداوە لێشاوێکی ڕەشبگییرییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد کە ژمارەیەکی زۆریان ژینگەپارێز بوون.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە و بەبڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانی لەدەستدانی ئەو ژینگەپارێزانە، خەڵکی مەریوان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە بەزرکردنەوەی پانکاردی "شەهید نامرێ" و وێنە و پۆستەری شەریف باجوەر و هەروەها وتنەوەی دروشمی شەهید نامرێ خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا، ژنان لەو خۆپیشاندانەدا ڕۆڵی پێشەنگیان هەبوو لە پێشی ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە دروشمیان دەوتەوە.

ڕۆژێک دوای ئەو ڕووداوە گوماناوییە، بە هەزاران کەس لە هاوڵاتیانی مەریوان و سەدان کەس کە لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و تەنانەت چەندین شاری ئێران، خۆیان گەیاندبووە مەریوان، بە ڕێپێوانێکی بەشکۆ تەرمی هەرەیەک لە شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پەژووهی، چالاکوانانی ژینگەپارێزیان بەرەو 'گۆڕستانی دارسەیران' بەڕێکرد.

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە لەگەڵ وتنەوەی دروشمەکانی "شەهید نامرێت"، "ئاسایشی زۆرداران، چەوسانەوەی هەژاران"، "کوردستانمان شێواوە، ڕۆڵەکانمان سووتاوە" و "نان، کار، ئازادی" تەرمی شەهیدەکانیان بەرەو مەزارگەی "دارسەیران"ی مەریوان بەڕێکرد، هاوڵاتیان پانکاردیان بە دەستەوە گرتبوو کە لەسەر یەکێکیان بە گەورەیی نووسراوە: "نامرن ئەوانەی لە دڵی میللەتدا دەژین".

هەر ئەو ڕۆژە هەواڵەکان و سەرچاوە هەرێمییەکان باسیان لەوە کرد کە دەوڵەتی ئێران هێزی ئەمنیی بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێپێوانەکە جووڵاندووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خەڵکی بە ئەمەکی مەریوان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوێیان بە هەڕەشەکانی هێزەکانی ڕژێم نەدا و شکۆمەندانە ڕۆڵەکانیان بە خاک سپارد.

شەهید بوونی ئەو ژینگە پارێزانە لە دارستانەکانی مەریوان، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوردستان بە گشتی، ئێران و تەنانەت جیهان لێکەوتەوە.

جگە لەو ناڕەزایەتییانەی لە مەریوان بەردەوام بوو، ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی مانگی هەشتی ٢٠١٨، لە ناوبازاڕی شارۆچكەی پێنجوێن-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە چالاكانی ژینگە و چین و توێژە جیاوازەكانی سنورەكە، ڕێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە گردبوونەوەیەکی ماتەمینی و هاوخەمی بۆ چوار ژینگەپارێزەکەی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخست.

هەروەها پێش نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٩ی مانگی هەشتی ٢٠١٨، لە باخچەی چنار و هێمن لە شارۆچكەی سەیدسادق-ی سەر بەپارێزگای سلێمانی، ڕَێكخراوی لالەزار بۆ پرسە ژینگەییەكان بە هاوكاریی قایمقامیەتی شارۆچكەی سەیدسادق مەراسیمێكی ماتەمینیی بۆ چوار ژینگە پارێزە گیانبەختکردووەکەی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبرد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٣١ی هەمان مانگ، سەرەڕای هەموو ڕێگرییەکان، لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر-ی شاری سنە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان گردبوونەوە و یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت، هاوڵاتیان بە بەرزکردنەوەی وێنەی ئەو شەهیدانە و وتنەوەی دروشمی "شەهیدان نامرن"، یادی ئەو شەهیدانەیان کردەوە.

لەو گربوونەوەیەدا هاوڵاتیان پانکاردیان بۆ یادی ئەو شەهیدانە بەرزکردەوە و بەمەبەستی ڕێزگرتن لێیان سرودێکی شۆڕشگێڕانەیان وتەوە و لەسەر پانکاردەکانیش دروشمەکانی "سنوور ئاگر ڕێگەوبان، بەڵای خەڵک و کۆڵبەران"، "ئاسایسی زۆرداران، چەوسانەوەی هەژاران" و "کوشتاری کۆڵبەران بوەستێنن" نوسرابوون.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر لە باشوری کوردستان، لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، تارانی پایتەختی ئێران و لە چەندین شاری وڵاتانی ئەوروپا یادی ئەو ژینگە پارێزانە کرایەوە.

بڕیار وایە ئەمڕۆ لە یەکەمین ساڵیادی گیان بەختکردنی ئەو ژینگەپارێزانە و بە دەستپێشخەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و خەڵکی مەریوان لەسەر گۆڕەکەیان لە  "گۆڕستانی دارسەیران"ی مەریوان بە مەراسیمێکی بە شکۆ یادیان بکرێتەوە.

س.ح