ئەنجامی کەمپەینی پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە ڕاگەیەندرا

لە کەمپەینی 'پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە'دا زیاتر لە ٣ ملیۆن دینار و تۆنێک و ٦٥٠ کیلۆ خواردن کۆکرایەوە، بۆ دابینکردنی پەناگەیەکیش بۆ ئەو ئاژەڵانە، حکومەت وەڵامی سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکەی نەداوەتەوە.


ڕۆژی ٨ی شوبات لە شاری سلێمانی و بە دەستپێشخەریی نووسەر و هونەرمەند توانا ئەمین، کەمپەینی 'پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە' بۆ کۆکردنەوە پارە و خۆراک و دەرمان بۆ ئاژەڵانی بێلانە ڕاگەیەندرا و کەمپەینەکە سێ ڕۆژی لە شاری سلێمانی و سێ ڕۆژیش لە شاری هەولێر بەردەوامبوو، ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە سلێمانی، ئەنجامی ئەو کەمپەینە ڕاگەیەندرا.

لەو کەمپەینەدا زیاتر لە ١٠ هەزار بروشور بە سەر هاوڵاتیاندا سەبارەت بە پاراستنی ئاژەڵانی بێ لانە بڵاوکرانەوە و لە ڕێگای مۆبایلیشەوە سێ ملیۆن کورتە نامە بۆ هاوڵاتیان نێردرا.

هەر لەو کەمپەینەدا لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٩٩٩هەزار و ٢٥٠ دینار لەگەڵ ٦٥٠ کیلۆ خواردن کۆکراونەتەوە و لە هەولێریش یەک ملیۆن و ٥٠٠هەزار دینار و تۆنێک خواردن کۆکرایەوە.

لەکاتی دەستپێکردنی کەمپەینەکەشەوە تا ئێستا، سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکە بەو هاوکارییانە ٥٢ ئاژەڵیان چارەسەر کردووە و دەرمانیان بۆ بەکارهێناون.

توانا ئەمین سەرپەرشتیاری کەمپینەکە، لەو بارەی ئەنجام کەمپینەکە وتی: ئەم کەمپینە بە شێوازێکی باش پێشوازیی لێکرا و ئەوەی لە سەر ئێمە بوو ئەنجاماندا، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە پارچەیەک زەویمان بۆ دابین بکات، چونکە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەڵێنی دروستکردنی پەناگەیەکی داوە بۆ ئاژەڵە بێلانەکان.

ئەگەرچی داواکارییان پێشکەش کردووە، بەڵام حکومەت تا ئێستا وەڵامی نەداونەتەوە، لەوبارەیەوە توانا ئەمین، وتی: وەڵامنەدانەوەی حکومەت لەوانەیە بە هۆی گرنگیی نەدانیان بێت بە ئاژەڵان، لە کاتێکدا ئەمە کارێکی پێویست و گرنگە بە تایبەت بۆ ئەوەی ببینە ڕێگر لەبەردەم لەناوچوونی ئاژەڵان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی، چونکە زیاتر لە ٨٠ نەخۆشیی گوازراوە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ هەیە.

ش.ف